‎كامه‌ران به‌

‎ژیانی مرۆڤ پێكهاتووه‌ له‌ لاشه‌ و ڕۆح, ژینگه‌ و ده‌ورووبه‌ر , زه‌مه‌ن و كات به‌ ڕابردوو و ئێستا و داهاتووه‌وه‌,ده‌روونی مرۆڤ وه‌كو گرنگترین به‌ش له‌ مرۆڤدا كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی به‌سه‌ر كردار و گوفتار و بیركردنه‌وه‌ و هه‌موو ژیانیدا هه‌یه‌, بۆیه‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی ده‌روون بایه‌خی تایبه‌تی له‌ گه‌ردوون دا هه‌یه‌ , چونكه‌ له‌ ئه‌نجامدا مرۆڤه‌ كه‌ بناغه‌ی گه‌ردوونه‌

‎بارودۆخه‌كانی ژیان, گرفت و كێشه‌ و , دڵته‌نگی و نیگه‌رانی بۆ مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن, خه‌م و په‌ژاره‌ میوانی زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن, كامه‌ران بوون له‌ ئێستادا بووه‌ته‌ خه‌ونێك كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ون بووه‌ نادۆزرێته‌وه‌,چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌وانه‌ش دۆزینه‌وه‌ی خود ه‌.

‎نیگه‌رانییه‌كانمان له‌ ئێستادا زۆرینه‌ی دووبه‌شه‌, خه‌م له‌ ڕابردوو و ترس له‌ داهاتوو
‎ڕابردوو ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه‌ له‌ كات كه تێپه‌ڕیوه‌, به‌ باش و خراپ و ناوه‌نده‌وه‌ گوزه‌شت, كام له‌ ئێمه‌ ده‌توانین زه‌مه‌ن بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ سه‌عاتێك به‌ر له‌ ئێستا؟؟؟؟ بێگومان ئه‌مه‌ ناكرێت
‎داهاتووش ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خوا ته‌مه‌ن بدات
‎چاوه‌ڕوانمانه‌ و پێیدا تێده‌په‌ڕین
‎ئه‌وه‌ی بۆمان گرنگه‌ ئێستایه‌
‎بۆ ڕابردوو, مادام ئێمه‌ ناتوانین زه‌مه‌ن بگه‌ڕێنینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی پێمان هه‌ڵه‌یه‌ چاره‌ی بكه‌ین, كه‌واته‌ خه‌م و خه‌فه‌ت خواردنمان بێ سوود و بێ مانایه‌,ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ خۆنه‌ویستانه‌ و به‌ سروشتی ڕوویانداوه‌ وه‌كو( ڕووداوی هاتوچۆ و زیانی ماددی,كێشه‌ و گرفتی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ……هتد ) هه‌مووی ئاسۆیه‌ك هه‌یه‌ بۆ
‎چاره‌بوونیان, كه‌ی؟له‌ داهاتوو

‎بۆیه‌ ئه‌و خه‌مه‌ی له‌ ئێستادا بۆ ڕابردوو ده‌یخۆی و كاتی خۆتی پێ ده‌كوژی, بیكه‌ هیوایه‌ك و كاته‌كه‌ت بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخان بكه‌ كه‌ پلان و به‌رنامه‌ بۆ ناوازه‌كردنی داهاتووت دابنێی.
‎له‌وانه‌یه‌ ترست له‌ داهاتوو هه‌بێت, بترسی له‌وه‌ی هه‌ژار ده‌بیت, ژیانت ناخۆش ده‌بێت, تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بیت, مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ژیانی خۆت و ئازیزانت ……
‎لێ مه‌ترسه‌, ئیراده‌ت به‌هێزبێ و هه‌نگاو بۆ داهاتووت بنێ
‎له‌وانه‌یه‌ گوێبیست بووبیت, به‌ڵام با بیرت بێنمه‌وه‌ كه‌ الله‌ گیان له‌ قورئاندا له‌ سووره‌تی الزمر ئایه‌تی 36 دا ده‌فه‌رمووێ ( أَلَيْسَ اللَّهُ بِكَافٍ عَبْدَهُ وَيُخَوِّفُونَكَ بِالَّذِينَ مِن دُونِهِ ۚ وَمَن يُضْلِلِ اللَّهُ فَمَا لَهُ مِنْ هَادٍ)
‎ته‌نیا چوار وشه‌ی سه‌ره‌تای ئایه‌ته‌كه‌ به‌سه‌ بۆ نه‌هێشتنی هه‌موو ترس و نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ و په‌ژاره‌كانت , واتا ( ئایا خوای گه‌وره‌ به‌س نییه‌ بۆ به‌نده‌كانی و ئێوه‌ ده‌ترسێنن به‌ غه‌یری ئه‌و) مه‌گه‌ر تۆ خالق و په‌روه‌ردگارێكت نییه‌ كه‌ هه‌مووكات ئاگای لێته‌, ده‌تبینێ, چاودێریت ده‌كا؟
‎به‌سۆزترین كه‌ست كێیه‌ ئێستا له‌ ده‌ورووبه‌رت؟ له‌وانه‌یه‌ خانه‌واده‌كه‌ت یان هاوڕێیه‌كت یان كه‌سێكی تر بێ, ئایا ده‌زانی میهره‌بانی و سۆز و خۆشه‌ویستی یه‌زدان ملیاران جار به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌ بۆت؟ ئایا ده‌زانی له‌وكاتانه‌ی كه‌ له‌ لووتكه‌ی لاملی و سه‌رپێچی فه‌رمانه‌كانی ئه‌ودایت ئه‌و هه‌ر تۆی خۆشده‌وێ زیاتر له‌ هه‌موو كاته‌كان؟ بۆیه‌ داوای لێبكه‌ و هاوكاریت ده‌كا به‌و شێوه‌ی ده‌ته‌وێت, به‌نده‌ی ئه‌ویت و ئه‌وخاوه‌نی تۆیه‌, هه‌ست هه‌و عه‌شقه‌ ئیلاهییه‌ مه‌زنه‌ بكه‌ و ژیانتی پێ ڕووناك بكه‌وه‌
‎هه‌ر خۆی له‌ سووره‌تی البقرة ئایه‌تی 186 ده‌فه‌رمووێ(وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ ۖ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ)
‎به‌ په‌یامبه‌ری نازدار (د.خ) ی فه‌رمووه‌ گه‌ر به‌نده‌كانم له‌باره‌ی منه‌وه‌ پرسیاریان لێ كردیت ئه‌وان من نزیكم و وه‌ڵامی داوای ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ داوام ده‌كات.
‎بۆیه‌ داوای لێبكه‌ و دڵنیابه‌ وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌.
‎ده‌زانی به‌شێكی زۆری دڵته‌نگییه‌كانت به‌هۆی متمانه‌وه‌یه‌, تۆ كه‌ متمانه‌ت لاواز بێت به‌ خۆت دایما له‌ دڵه‌ڕاوكێدایت, بۆیه‌ متمانه‌ت به‌خۆت و دووعاكانت هه‌بێ و به‌هێزبه‌, خۆت به‌, به‌ هیواوه‌ به‌ره‌و ئاینده‌ هه‌نگاو بنێ, ئه‌وكاته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و چه‌سپاوت ده‌بێت و ده‌توانی له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌وراز و نشێوه‌كانی ژیان خۆت بگونجێنی.
‎به‌شێكی دیكه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی مرۆڤ كه‌ له‌ئه‌نجامی كه‌می متمانه‌به‌خۆبوونه‌وه‌ تووشی ده‌بێ بیركردنه‌وه‌ی نێگه‌تیڤانه‌یه‌, هه‌ندێ كه‌س دایما دنیایان له‌خۆیان شێواندووه‌ , تاوه‌كو كارێك ده‌كه‌ن هه‌زاران خه‌یاڵ و خورپه‌ی ترس و شكست دایان ده‌گرێ, وانابێ ئه‌زیزم,پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رمووێ (تفاءلوا بالخير تجدوه )واتا هیوا به‌ خێر و چاكه‌ و خۆشی بخوازن دێته‌ ڕێگاتان, بۆیه‌ گرنگه‌ هه‌موو بیركردنه‌وه‌ نێگه‌تیڤه‌كانت به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ و پۆزه‌تیڤانه‌ بگۆڕی تاوه‌كو دڵ و ده‌روونت سه‌لامه‌ت و ئاسووده‌ بێت.
‎بوونی كاتی به‌تاڵ و بێ كاری زۆركات ده‌بێته‌ هۆكارێكی گه‌وره‌ی دڵته‌نگی, سه‌ركێشی و بزێوی نه‌فس مرۆڤ ڕاپێچی ئه‌نجامدانی چه‌شنه‌كارێكی بێ ئه‌رزش و سوود ده‌كا كه‌ تووشی دڵگرانی و ناڕه‌حه‌تی ده‌بێت به‌هۆیه‌وه‌, بۆیه‌ گرنگه‌ كاته‌كانت له‌زیادكردنی لێهاتوویی و كارامه‌یی كاركردن به‌كاربێنیت له‌و بوارانه‌ی لێیدا شاره‌زایت, هه‌وڵده‌ تاكێكی سوودبه‌خش بیت و ئارامی و به‌خته‌وه‌ری ببه‌خشیت به‌ ده‌ورووبه‌رت, چونكه‌ به‌ سروشتی ژیان ئه‌و چاكه‌یه‌ی خۆبه‌خشانه‌ ده‌یكه‌ی, ئه‌و سووده‌ی بێ به‌رامبه‌ر ده‌یگه‌یه‌نیته‌ كه‌سێك كه‌ پێویستییه‌تی, له‌و شوێن و كاته‌دا الله‌ گیان دێنێته‌‌وه‌ ڕێت كه‌ پێویستت پێیه‌تی .

‎هۆكارێكی دیكه‌ی نیگه‌رانی به‌راوردكردنی خۆت و نیعمه‌ته‌كانی خۆته‌ به‌ هی خه‌لكی تر,كه‌ ئه‌وه‌ له‌ ده‌ستی خۆته‌ و ده‌توانی لێی دووركه‌ویته‌وه‌,چۆن؟
‎تۆ ئۆتۆمبێڵێكی ئاسایی ت هه‌یه‌ كه‌ گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ بژێوی و ژیان و ده‌رامه‌تی خۆت و له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕزقه‌ی خودا پێی داویت,كه‌سێك ده‌بینی كه‌ ئۆتۆمبێڵێكی گرانبه‌های پێیه‌ و دڵته‌نگ ده‌بیت به‌ به‌راورد كردنی خۆت به‌و,بهێنه‌ پێش چاوت به‌و ده‌رامه‌ت و داهاته‌ی كه‌ تۆ ئێستا هه‌ته‌ , ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هایه‌ت پێ بده‌ن چی ده‌كه‌ی؟ بێ گومان ده‌بێ ته‌واوی داهاته‌كه‌ت بۆ به‌كاربردنی خه‌رج بكه‌ی, ئه‌نجام؟ ده‌چیت ده‌یفرۆشیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گونجاو نییه‌ بۆ حاڵ و بژێوی تۆ.
‎بۆیه‌ هه‌میشه‌ چێژ وه‌رگره‌ له‌وه‌ی هه‌ته‌ و له‌ به‌رده‌ستت دایه‌, ئه‌وه‌ جوانترین به‌خششی خوایه‌ بۆت و خه‌ونی هه‌زاره‌ها كه‌سه‌ و خودا به‌تۆی داوه‌

‎بیكه‌ ڕێسای ژیانت و هه‌رده‌م بێلێوه‌( هه‌موو شتێك باش ده‌بێت)
‎تۆوی هیوا له‌ ده‌روونت بچێنه‌ و به‌ عه‌تری ئیمان ئاوی بده‌
‎داهاتووت مسۆگه‌ره‌ و په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵته‌
‎زه‌مه‌ن گرێنتی پێداویت

‎ئه‌ندازیار عبدالقادر رسول

ھەواڵی زیاتر