مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگری فەرەنسا کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فلۆرەنس پارلی وەزیری بەرگری فەرەنسا کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی پشتیوانیکردنی زیاتری هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاووتوێ کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، سوپاسی فەرەنسای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە کاتی شەڕی داعش، ھەروەھا کە داعش لە زۆر ناوچەی عێراقدا دەستی بە هێرش و پەلامار کردووتەوە و بووەتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە .

سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش .

وەزیری بەرگری فەرەنسا پشتیوانیی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان وهێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە وگوتی هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا ڕاهێنانی هاوپەیمانان بە هێزی پێشمەرگە دەست پێ بکاتەوە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی وەستاوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەوە کرایەوە کە لەم قۆناغەدا جیا لەھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنی ، پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەردوولا بدرێ.

ھەواڵی زیاتر