ئەمڕۆ سێشەممە 9/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, بەجیا پێشوازی لە هەریەک لە جاشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ئهكيرا ئيندۆ، باڵيۆزى ژاپۆن له عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانه دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کردەوە.
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیجی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە و حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە کۆبوومەوەکەی مەسرور بارزانی و بالیۆزی ژاپۆندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پهيوهندييهكانى ژاپۆن و ههرێمى كوردستان و دۆخى گشتيى عێراق و ئامادهكارييهكانى ههڵبژاردنى داهاتووى ئهنجومهنى نوێنهران کرا.
باڵیۆزی ژاپۆن باسی لە کار و چالاکی و پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان کرد کە لە ڕێی ئاژانسی جایکا، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانی و پڕۆژەکانی ژاپۆن دەربڕی و جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن لە بوارەکانی پیشەسازی و پەروەردەیی و گەشەپێدانی ئابووریدا کردەوە.