هەڵوێستی سوودانی لەبارەی داهاتی ناوخۆ و پرسی مووچە
بەگوێرەی زانیارییەکان لە میانی کۆبووەنەوەی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری عێراق، کۆنووسە هاوبەشەکەی هەولێر و بەغدا خراوەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەویش ناوەڕۆکی کۆنووسەکەی پێ باش بووە و وتویەتی “خوێندنەوەی بۆ دەکەم”.
کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەغدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆککوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە، بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی داهاتی ناوخۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا، کە یەکێک لە لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستانە.
شاندی دانوستانکاری عێراق کۆنووسە هاوبەشەکە -کە لەگەڵ شاندی کوردستان ئامادەیان کردبوو- خستوویانەتە بەردەم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق گوتی، سوودانی ڕاپۆرتەکەی لە شاندەکە وەرگرتووە، ڕاپۆرتەکەی پێ باش بووە، گوتوویەتی “خوێندنەوەی بۆ دەکەم و وەڵامتان دەدەمەوە ڕای من چییە”.
لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژکارێکی باڵای سوودانیش بەشدار بووە، کە پیاوێکی یاساییە و شارەزای یاسایە، هەڵوێستیشی تاوەکوو ئێستا لە گفتوگۆکان لەگەڵ هەولێر باش بووە.