حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە ‘تای خوێنبەربوون’ تۆمار کرا
حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکرا و وەزارەتی تەندروستیش هۆشداری دەدات.
شەممە، 30ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، حاڵەتێکی نوێی نەخۆشی ‘تای خوێنبەربوون’ لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە، کە پیاوێکی تەمەن 43 ساڵی دانیشتووی شاری ‘سێمێل’ـە و پیشەی گۆشتفرۆش (قەساب)ـە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، پیاوەکە دوای بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، گومانی نەخۆشییەکەی لێ کراوە و نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی تێدا دەرکەوتووە. دوای ئەنجامدانی چەندین ڕێکاری پزیشکی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و باری تەندروستیی جێگیرە.
ڕێنمایی و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و لە کاتی بوونی گومان یان دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە. هەروەها، ئەو هاووڵاتییانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن یان مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکانی ئاژەڵ دەکەن، لە کاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و دوا نەکەون.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە، لەمساڵدا، دوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تەنها نۆ حاڵەت بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکراونەتەوە “بەداخەوە، دوو لەم حاڵەتانە بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام حاڵەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون.”
تای خوێنبەربوون: پاشخان و هۆکارەکانی
تای خوێنبەربوون (Crimean-Congo Hemorrhagic Fever – CCHF) نەخۆشییەکی ڤایرۆسی مەترسیدارە کە بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی گەنە (Tick) و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن یان شانەی ئاژەڵی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. پیشەوەرانی قەسابخانە و شوانکارەکان و ئەو کەسانەی لە کێڵگەکان کار دەکەن، زیاتر لە مەترسیدان.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە تای بەرز، ژانەسەر، ژانەماسی، سکچوون، ڕشانەوە، و لە هەندێک حاڵەتدا خوێنبەربوون لە ناوەوە و دەرەوەی جەستە.
لە ساڵانی ڕابردوودا، عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بوونەتەوە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2022 عێراق ژمارەیەکی بەرزی حاڵەتەکانی CCHFی تۆمار کرد، کە گەیشتە زیاتر لە 600 حاڵەت و چەندین گیانلەدەستدان. ئەمەش وای کرد وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی بگرنەبەر، لەوانە هەڵمەتەکانی ڕشاندنی ئاژەڵان بە دژە گەنە، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، و چاودێریکردنی بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ و گۆشت.
پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێکارەکانی وەک پۆشینی دەستکێش و جلوبەرگی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ، کوڵاندنی گۆشت بە باشی، و دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی نەپشکێنراو، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە.