ئەمشەو جارێکی دیکە بۆریی ئیفراز سێ شکا، بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو گەڕەکانەی ئاویان لەسەر ئەو پڕۆژەیە سبەی ئاویان پێ نادرێت.
بەرپرسێکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر گوتی: “بۆرییەکە لە گەڕەکی هەولێر نوێ شکاوە و بەهۆیەوە پڕۆژەکە لە کارکردن وەستاوە”.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە شوێنی شکانی بۆرییەکەن و سەرقاڵی چاککردنەوەین.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر: “چاککردنەوەکە چەند کاژێرێکی دەوێت، دوای چاککردنەوەش بۆرییەکان چەند کاژێرێکیان دەوێت بۆ پڕبوونەوە لە ئاو، بۆیە سبەی ئەوەی ئاوی لەسەر ئەو پڕۆژەیە بێ ئاوی پێ نادرێت”.
شەشی ئەم مانگە جارێکی دیکە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکابوو، دوای کەمتر لە 24 کاژێر بۆرییەکە چاککرایەوە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر دەبەستێت، کە 20ـی تەمموزی ئەمساڵ کرایەوە.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.