دەقی هەردوو رەشنووسەکەی نێوان هەولێر و بەغدا
هەریەک لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە دوو پرۆژە پێشنیاز و رەشنووسیان ئامادەکرد و خستە بەردەم یەکدی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڕیاری دا لیژنەک لە 5 وەزیر پێکبهێنێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، دوای ئەوە ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کرد. یەکێک لەو پێشنیازانە لەلایەن لایەنە فیدراڵییەکان و ئەوی دیکەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش کرابوو.
ئەمەش دەقی هەردوو پێشنیازەکەیە:
رەشنووسی رێککەوتن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە
7/7/2025
یەکەم: رادەستکردنی نەوت
ئەلف: قۆناخی یەکەم:
1 – رادەستکردنی نەوت: پێشنیازی یەکەم: (لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیاکان)
دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن (لە کاتی رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بودجەی فیدراڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان)، جگە لە بڕی بەکاربردنی نێوخۆیی (روونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا 282 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و 65 هەزار بەرمیلی لێ دەردەکرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەکردن و پێوەرەکانەوە).
پێشنیازی دووەم: (لە کاتی بەشدارینەکردنی کۆمپانیاکان)
دەستبەجێ دەستبکرێت بە رادەستکردنی ئەو بڕە بەردەستەی کە تێکڕا بە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت لەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن (تاوەکو رێککەوتن دەکرێت لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بودجەی فیدراڵی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان).
2 – بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت: بەکاربردنی نێوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستانە (بەڕێوەبردن، دابەشکردن و پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە).
دووەم: داهاتی نانەوتی
1. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە رادەستکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی (50%)ی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت.
2. پاکتاوکردنی دارایی لەنێوان پشکی گەنجینەی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی فیدراڵی (لەتەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان) و دانەوەی پابەندییە داراییەکانی دیکە (کڕینی گازی سرووشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا) دەکرێت.
سێیەم: خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان: پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنەوەی مووچەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی 2025 و مانگەکانی دواتر، تاوەکو پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی داهاتوو و لەژێر رۆشنایی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە (224/ و یەکخراوەکەی 269/ فیدراڵی/ 2023) کە بڕیاری داوە ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردسیتان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و پێویستیی بەدیهێنانی یەکسانیی کردەیی لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانیان لای حکومەتی فیدراڵی هێنایە ئاراوە، لە رووی بڕی مووچە و کاتەکانی وەرگرتنییەوە.