سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بە تۆمەتی کاری نایاسایی و هاوکاریکردنی ئێران، سزای بەسەر چەند کەسایەتی و قەوارەیەکدا سەپاند.
هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، 10 کەسایەتی و 27 قەوارە، بەهۆی کارای نایاسایی و هاوکاریکردنی ئێران، خرانە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە.
وەزارەتەکە دەڵێت: بەشێک لەو ژمارە کەسایەتییانە هەڵگری ڕەگەزنامەی دوو وڵاتی جیاوازن، کە چالاکییەکانیان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، هەروەها لەندەن و دوبەی چڕبوونەتەوە.
هەر بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، سزاکانی ئەمەریکا قەوارە بازرگانییەکانی چەند وڵاتێکیشی لەخۆ گرتبوو، کە بەشێکیان لە ساڵی 2024ـدا تۆمار کرابوون، ئەو کاتیش بە هەمان هۆکار سزایان بەسەردا سەپێنرابوو.
گەنجینەی ئەمەریکا، باس لەوەش کرد، کارەکانی کەسایەتی و قەوارە سزادراوەکان بریتیبوون لە؛ بازرگانی گشتی، پترۆکیمیایی، گواستنەوەی پارە، و خزمەتگوزاری لۆجستی.