هەرێم 500 مێگاوات کارەبا بە عێراق دەدات
وەزیرى کارەباى رایگەیاند، (500) مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق دەنێرین، دەشڵێت “بەراورد بە ساڵى ڕابردوو نزیکەى 7 کاتژمێر پێدانى کارەبامان زیادکردوە”.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، “لە رۆژانى داهاتوودا (500) مێگاوات کارەبا دەنێرین بۆ عێراق، ئەوەش جێگاى شانازییە بۆ هەرێم کە عێراق لە (1921) بەدواوە دەوڵەتە، بەڵام ئێستا هەرێم کارەباى پێدەدات”.
کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباى حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، ساڵى ڕابردوو لە مانگى هەشت تەنها 14 بۆ 15 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرا، بەڵام ئەمساڵ و لەم مانگەدا 20 بۆ 21 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین.
وەزیری کارەبا وتیشی، زیادکردنى بەرهەمى غازى بۆ وێستگەکان و چاککردنەوەى کێشە تەکنیکییەکانى وێستگەکانی دەربەندیخان و بێخاڵ، لەگەڵ کردنەوەى وێستگەى (300) مێگاواتى خەبات، هۆکارى زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبان لە هەرێم.
ئاشکراشیکرد، لە چەند رۆژى داهاتوودا بەهۆى چاککردنەوەى کێشە هونەرییەکان لە وێستگەى کەسنەزان پێدانى کارەبا بەشێوەیەکى کاتى بۆ چەند کاتژمێرێک کەم دەبێتەوە.
لەبارەی پێدانى کارەبا بە عێراق، کەمال محەمەد وتی “کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەى کارەباى هەرێم نابێت، چونکە ئەو (500) مێگاواتە کارەبایەی دەدرێت بە عێراق، لەو یەکانەیە کە لەکار کەوتون و عێراق پارەى دابینکردوە بۆ چاککردنەوەیان”.