نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بەشداریی کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکات.
رۆژی شەممە، 22ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا. بەگوێرەی زانیارییەکان ، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژی شەممە چالاکییەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی (گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا) بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد.
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق لە کۆنفرانسەکە گوتار پێشکێش بکەن.
ناونیشانی کۆفرانسەکە (پەیوەندی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی)ـیە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک دۆسییەی گرنگ تاوتوێ دەکرێت کە پەیوەندیدارن بە بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی. لە رۆژی یەکەم دا پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و، رۆڵی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و ئاستەنگەکانی بەردەمی باس دەکرێ.