مەسرور بارزانی: ئاستەنگییەکان رێگا لە سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان ناگرن

لووتكەی جیهانیی حكوومەتەكان مێوانداریی گفتوگۆیەكی تایبەتی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد، تێیدا كۆمەڵێك پرس و ئاڵنگاریی كە رووبەڕووی ناوچەكە و جیهان دەبنەوە، تاوتوێ كران، هاوكات ئاماژە بە پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتان كرد، رێگە و هەنگاوەكانی بەهێزكردنی هاریكارییە هاوبەشەكانی لە بوارە جیاجیاكان خستە روو‌.

ئەمڕۆ سێشەم لووتكەی جیهانیی حكوومەتەكان لە دوبەی مێوانداریی گفتوگۆیەكی تایبەتی بە ناونیشانی “تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان و قۆستنەوەی دەرفەتەكان”ی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد، كە تێیدا دووپاتی لە گرنگیی هاریكاریی نێودەوڵەتی و گۆڕینەوەی ئەزموونی نێوان وڵاتان لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەكان و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام كردەوە.

سەرۆكی حكومەت لەو گفتوگۆ تایبەتەدا ئاماژەی بە پێوەندییە ئەرێنی و بەرهەمدارەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی سەركەوتووی ئیمارات لە پەرەپێدان و پێشكەوتنەكان بە تایبەتی لە بوارەكانی چاكسازیی ئابووری و بەڕێوەبردنی حكوومەت وەربگرێت.
سەرۆك وەزیران لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە دووپاتی كردەوە، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگی لە ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی و هاندانی گەشە و پەرەپێدانی ئابووریی بینیوە. هاوكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری زیاتر دەكات بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و پێشخستنی كەرتی تایبەت بە ئامانجی پەرەپێدانی ئابوورییەكی بەردەوام و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە كەرتی تایبەت.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری گفتوگۆ تایبەتەكەیدا باسی لە وەرچەرخانی بەئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییە حكوومییەكان كرد و دووپاتی كردەوە ئەم بابەتە لەپێشینەی كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ باشتكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئاسانكاریی ڕێكارە كارگێڕییەكان و بەهێزكردنی شەفافیەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

سەرۆكی حكوومەت سەرلەنوێ دووپاتی لە گرنگی بونیاتنانی ئابوورییەكی نەرم و فرەچەشن كردەوە، كە بتوانێت خۆی لەگەڵ گۆڕانكاری و وەرچەرخانە جیهانییەكان بگونجێنێت. گوتیشی، فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت یارمەتی بەدیهێنانی ئەم خواستە ئابوورییە دەدەن.

سەرۆك وەزیران لەبارەی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، جەختی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەكردنی كێشە سیاسییەكان لەگەڵ حكوومە‌تی فیدراڵ. هەروەها گوتی، گفتوگۆ و دانوستان دوو باشترین بژاردەن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و بووژانەوە لە عێراق.

سەرۆك وەزیران تایبەت بە كەرتی پەروەردە و فێربوون گوتی، گرنگیدان بە پەروەردە و فێربوون لە بژاردە هەرە لە پێشینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی گەورە بۆ پێشخستنی هەردوو بوارەكە دراوە بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی وڵاتانی جیهان. هاوكات شانازی بەوەوە كرد كە ژمارەیەك زانكۆ و پەیمانگە حكوومی و ناحكوومییەكانی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی لە پێگەیاندنی نەوەكان هەیە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەكاندا.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە دا، كە خەڵك‌ دەبێت تەوەری سەرەكی هەر حكوومەتێك بێت كە هەوڵی سەركەوتن دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش حكوەمەتی هەرێمی كوردستان كاری جیدی دەكات بۆ وەڵامدانەوە و جێبەجێكردنی پێداویستی هاووڵاتییانی و باشتركردنی ئاستی ژیانیان لە بوارە جیاجیاكان و بەدێهێنانی ئامانجەكان كە لە بەرژەوەندی گەل و خۆشگوزەرانییەكەیدایە.

سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە، حكوومەتداریی ستراتیجیی بەتایبەتی لە دیاركردنی پلانێكی گشتگیر و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكان بە شێوەیەكی كارا، كۆڵەكە سەرەكی و بنەڕەتییەكانی گەشەپێدان لە هەرێمی كوردستان پێك دەهێنن.

سەرۆك وەزیران گەیشبینیی خۆیشی لە بارەی ئاییندەی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی كردەوە، ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە هەرگیز ڕێگە لە هەنگاوەكانی پێشكەوتن و بووژانەوەی ناگرن، بەڵكوو هەرێمی كوردستان ئێستا دوای چەندین ساڵ بووەتە ناوچەیەكی ئارام و پێشكەوتوو و بووژاوە، كە دەكرێت ببێتە نموونەیەك لە ناوچەی‌ ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ھەواڵی زیاتر