پرۆگرامی خوێندن بۆ قۆناخی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی کەم دەکرێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی قوتابیان دراوە.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: “بەهۆی زۆریی پشووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی سەرژمێریی گشتی و پشووەکانی سەری ساڵ، پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی. لەلایەن لیژنەی باڵاوە کەمکرانەوە”.
مانگی 12ـی پار، بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە چەند رۆژێک مامۆستایانی هەردوو پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، جارێکی دیکە مانگی رابردوو بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکردەوە و بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ، بەرپرسێکی باڵای پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند: “کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن پەیوەندی بە بایکۆتەوە نییە، چونکە 12ـی ئامادەیی هەر دەوام دەکەن و زۆرینەی 9ـی بنەڕەتیش دەوام دەکەن”.
بەرپرسەکەی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان هیچ داوایەکیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە نەکردووە بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن.
هاوکات ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند: “بۆ خوێندنی ئەم ساڵ، کە جیا لە پشووەکانیش درەنگ دەستیپێکرد، بڕیارێکی بەو شێوەیە پێویست بوو، بۆیە وەزارەتیش لە بەرژەوەندیی قوتابیان بڕیارەکەی دەرکرد”.