بڕیارێکی گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ خانەنیشینان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ تەوەری پەیوەست بەمووچە و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەكات.
شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای گەڕانەوەیان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوە و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە نوێیەکەیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی خستەڕوو، بڕیاریشە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لێکەوتەکان و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، لە تەوەری یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاووتوێ دەكرێ كە بریتین لە:

– ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتیی.

– پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە ژمارە و پلە و خەرجی) بۆ ساڵی دارایی 2025.

– پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی.

– پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان.

– بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە.

لە تەوەری دووەمدا ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی پەسەندکردنی یاسای هەمواری ماددەی 12 لە یاسای بوودجەی گشتیی فیدڕاڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات.

لە تەوەری سێیەمدا ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر