لە بەریتانیا عێراقییەکان پلەی سێیەمیان هەیە

ئەو پارتە سیاسییانەی بەریتانیا کە دژایەتیی کۆچبەران دەکەن دەنگیان لە زیادبووندایە و ئەوانەشی نەرمی بەرامبەریان دەنوێنن دەنگیان کەمیکردووە. وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش دەڵێت، کۆچبەرە عێراقییەکان لە تاوان دا پلەی سێیەمیان گرتووە. 

ماڵپەڕی یوگۆڤی بەریتانی دوایین راپرسی خۆی سەبارەت بە دۆخی پارتە سیاسییەکان بڵاوکردەوە. 

بەگوێرەی راپرسییەکە، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت، پارتی کاری کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە 26٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت. لەکاتێکدا دەنگی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی تەممووزی پار 36٪ بووە. 

هەروەها، پارتی ریفۆرمی دژەکۆچبەر 25٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی تەممووزی رابردوودا 14.3٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بوو. 

ئەو پاشەکشەیەی پارتی کار و بەرەوپێشچوونەی پارتی ریفۆرم بەشێکی زۆری پەیوەندی بە کۆچبەرانەوە هەیە. پێرار 29 هەزار و 437 کۆچبەر چوونە بەریتانیا، بەڵام پار ژمارەکە گەیشتە 36 هەزار و 816 کۆچبەر کە 65٪یان دوای دەستبەکاربوونی ستارمەر بوون. 

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی بەریتانیا، ئاداری 2023 تەنیا 20٪ی هاووڵاتییانیان پاڵپشتی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانیان دەکرد، بەڵام ئاداری پار بووە 34٪. 

بەگوێرەی راپرسییەکەی یوگۆڤ، پارتی پارێزگاران 22٪ی دەنگەکان دەباتەوە، ئەمە 1.7٪ی لە هەڵبژاردنی پێشوو کەمترە. هەروەها، پارتی لیبڕاڵ دیموکرات 14٪، پارتی سەوز 8٪ و پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا 3٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن کە 25٪ی دەنگەکان دەکات، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوو 21.4٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو. 

‘زۆرترین تاوان لەلایەن پەنابەر و پەناخوازان دەکرێت’

یەکێک لەو هۆکارانەی هاووڵاتییانی بەریتانی لە پەنابەر، پەناخواز و کۆچبەران بێزار کردووە دەیانەوێت دیپۆرتبکرێنەوە، “زۆربوونی رێژەی تاوانە” لەلایەن ئەوانەوە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 1.2٪ی بەریتانییەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکران. ئەمەش بەراورد بە نەتەوە و خەڵکی وڵاتانی دیکە کە پەنایان بۆ بەریتانیا بردووە زۆر کەمە. 

بە گوێرەی ئاماری ئەو وەزارەتە، پار 21٪ی ئەلبانییەکان بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکران کە زۆرترینە. هەروەها، 10.7٪ی ئەفغانییەکان و 9.3٪ی عێراقییەکانی بەریتانیا بەهۆی تێوەگلانیان لە تاوانێکەوە دەستگیرکراون. جەزائیری، مەغریبی و سۆماڵیش پلەکانی چوارەم تاوەکو شەشەمیان گرتووە. 

خەرجیی کۆچبەران

کۆچبەران بوونەتە بڕبڕەی پشتی هێزی کاری بەریتانیا، بە گوێرەی ئاماری فەرمی، وڵاتەکە پێویستی بە 2.5 ملیۆن دەستی کارە. بە گوێرەی میدیای وڵاتەکەش، لە هەر پێنج کارمەند و کرێکارێکی بەریتانیا یەکێکیان پەنابەر یان پەناخوازە. 

هەرچەندە کەسانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی دەستیکار لەو وڵاتە پێویستن کە دەکرێت کۆچبەران هاوکاربن، بەڵام ئەوان خەرجیەکی زۆر لەسەر حکومەتی بەریتانیا دەکەون. 

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 5.82 ملیار دۆلاریان لە کۆچبەران خەرج کرد، ئەمە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری لە پێرار زیاترە. 

ھەواڵی زیاتر