سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ جان نۆوێل بارۆ، وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی حکومەت و گەلی فەڕەنسای لە گەلی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێت و دەبێ ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیرێت و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێردرێت.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، بیروڕا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کرا.