مەسرور بارزانی و شای ئوردن کۆبوونەوە

ئەمرۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بڵاویکردەوە:

ئەمڕۆ بەسەردانێکی فەرمی گەیشتینە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن و لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵلای دووەم، شای شانشینی ئوردنەوە کۆبووینەوە.

گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی فراوانکردنی لە بوارە جیاوازەکاندا کرد. خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم، سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دەربڕی.
جەختمان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی ئوردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو بوارەکاندا کرد.
هەوڵەکانی شانشینی هاشمیی ئوردنی بە ڕێبەرایەتی خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم-مان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرز نرخاند.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریاش، دووپاتمان کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری سووریا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر گرنگە، هەروەها جەختمان لە گرنگیی بەردەوامبوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کردەوە.

ھەواڵی زیاتر