مەسولە کاسبەکانی یەکێتی، خۆیان ئۆتۆمبێلی مەلیکەی قاچاخیان هێنا و هەر خۆشیان قەدەغەیان کرد
لەبەر ئەوەی تەواوی کێشەکانی کوردستان کراون بە کێشەیەکی پارتییانە، بۆیە کە مووچە دوادەکەوێت خەتای کەسی تری پێوە نابینرێ و هەر دەبێتە خەتای مەسروور بارزانی!
تۆبزانە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هیچ خراپەیەکی ئەم حکومەتە لەسەر یەکێتی و قوباد تاڵەبانی ساغ بووەتەوە؟! چونکە هەر بە پەیج و تەلەفزیۆن، توانیویانە بیسەلمێنن خەتای مامی گچکە و هیچ کەس و حیزبێکی تر نییە، بەس کوردستان٢٤ نەیتوانیوە بەرائەتی مەسرور بارزانی نەک بەرامبەر بە جەماوەری یەکێتی، بەڵکو بەرامبەر بە بەغدایش بسەلمێنێت!
تەنانەت مەسولە کاسبەکانی یەکێتی، کە خۆیان ئۆتۆمبێلی مەلیکەی قاچاخیان هێنا و خۆیان ساغیان کردەوە و هەر خۆشیان قەدەغەیان کرد و دیسان هەر خۆشیان بەرەڵای سەرجادەیان کردنەوە، توانیان وا لەخەڵک بکەن زۆر سوپاسیان بکەن و تێریش جنێو بە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بدەن کە گوایە ئەوە ئەوە زوڵم لە هەژاران دەکات!
خۆیان ڕێیان لێ گرتن و پێشیان دەوتن: کێشەکەتان لە هەولێرە. کاتێکیش بۆیان بەرەڵاکردن، بە خەڵکیان وت: خەمتان نەبێ، وەرنەوە سەر جادە و حیساب بۆ حکومەتی بارزانی ناکەین! یانی لە کۆی مەسەلەی مەلیکەدا، مەسرور بارزانی وجودی نەبوو، بەس لە خەتاکەیدا ئەو بەرپرس بوو! ئەها ئەوان چۆن دەزانن وا بکەن خەڵک سوپاسیشیان بکات و تێر لە پێش مەڵبەندیش بە پەڕۆی سەوزەوە بۆیان هەڵپەڕێت؟!
ئاڤاش باسی موهیمەتی فڕۆکەی بەیرەقداری تورکی دەکات و یانزە هەزار کۆمێنتی بۆ نووسرابوو، هەموویان جنێویان بە خۆیان و خاوەنی ئاڤاش دەدا و بە جاشی تورکیایان دادەنان! من تێناگەم سوودی باسکردنی بەیرەقدار بۆ مەسروور بارزانی چییە؟!
کاتێک دوکانی کەمالیاتەکانی سەر شەقامی شەست مەتریی هەولێریش ئاگری گرت، هەموو میدیا و پەیجەکان گواستیانەوە، تەنیا کوردستان٢٤ نەبێت، ئەو بەمە لە نەستی خەڵکدا ئەوەی چاند کە ئەگەر بە قودرەتی قادر دوکانەکەیشت گڕ بگرێت، ڕەنگە هەر خەتای مەسروور بارزانی بێت، ئێ حەتمەن ئەوانیش نابێت خەتای ئەو باس بکەن. لە ئاگرەکەی لەنگەشدا، هەر بە وەهمی دیفاع لە حکومەت، تەنیا هەر باسی ئەوەیان دەکرد کە حەریقەکان زوو گەیشتوون! نەیاندەتوانی پرسی گرنگتر بوروژێنن، نەکا لەکونێکەوە خەتایەکی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەرکەوێت!
دەی بۆیە کێشەکان ئەگەر هی مەسرور بارزانیش نەبێت، خەتاکەی هەر دەبێت بە هی ئەو! جا یەکێتی ئاقڵانە توانیویەتی بیسەلمێنێت لەو دیوی دێگەڵەوە، هەموو شت بە خاک و ئاو و خەڵک و پارە و گومرک و حدودەوە هی ئەوە، تەنیا خەتا و هەڵە و کەموکورتییەکانی نەبێت کە هی مەسروورە!
ئێوەش بە لەشکرێکی بێ فکر و بێ حیکمەتەوە، هەر گۆرانیی عەرەبی بە باڵادا بڵێن: بم بم…یا شیخ زلم یا رفعة الناس…
بارزان عەلی حەمە