وەزارەتی دارایی هەرێم: بەغدا بێویژدانانە مامەڵەی کردوە


وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەداتەوە و ڕەتیدەکاتەوە کە هەرێم پابەندی بڕیار و ڕێککەوتنەکان نەبوبێت و ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ سەلماندی ڕاستییەکان بە لیژنەیەکی نێودوڵەتیی.


وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاویکردوەتەوە، وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەداتەوە لەبارەی ناپەبەندی هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕایگەیاندوە: وەزارەتی دارایی عێراق بێویژدانانە مامەڵەی لەگەڵ هەرێم کردوە و ئەوان پابەندی بڕیارەکان نەبون، هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی ڕادەستی عێراق کردوە و بەشێک لە داهاتی ناوخۆش لە خەرجییەکانی حکومەتدا خەرجکراوە.


وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە موچەی نەناردوە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتوە و زیادکردنی موچەی خانەنشینانیش بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی نییە.


وەزارەتەکە دروستکردنی ئاستەنگی بەردەم موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستوەتە ئەستۆی عێراق و ئامادەییشی نیشانداوە بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان بە لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی یاخود ناوخۆیی کە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکات.

ھەواڵی زیاتر