كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی: ڤیزەی تورکیا لە بازاڕەکاندا ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد

سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تورکیا پێدانی ڤیزەی بە گەنجان قورس کردووە، بەشێکی گەنجان دەچنە شارەکانی عێراق و بە پارەی زیاتر ڤیزەی ئەو وڵاتە دەکڕن.

عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-01-2025، رایگەیاندن: “هەندێک لە گەنجان کە تەمەنیان لە 18 بۆ 22 ساڵە و ڤیزەی تورکیایان پێ نادرێت، پەنا دەبەنە بەر ئەو شارانەی ڤیزەی تێدا دەفرۆشرێت، بۆ نموونە موسڵ و بەغدا، لەوێش نرخی ڤیزەیەک گەیشتووەتە سێ هەزار دۆلار”.

پێدانی ڤیزەی تورکیا بەشێوەی یاسایی لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، تێچووەکەی لە نێوان 145 دۆلار بۆ 185 دۆلارە، ئەویش بە گوێرەی جۆری ڤیزەکان، کە سێ مانگی، شەش مانگی و یەک ساڵین.

بە گوتەی عەتا ئەنوەر، قورسکردنی پێدانی ڤیزە بە گەنجان یان نەدانی پێیان، تەنیا بۆ سنووری سلێمانی نییە و بۆ “هەموو عێراق و هەرێمی کوردستانە”. گوتیشی: “هۆکارەکە ئەوەیە تورکیا رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا هەیە بۆ ئەوەی هاوکاریان بێت لە کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، ئەو گەنجانەشی لە نێوان 18 بۆ 22 ساڵدان ئەوانەن، کە تورکیا بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتی سێیەم، کە وڵاتانی ئەورووپایە”.

بۆ وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا، هاوشێوەی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتانی شنگن (یەکێتی ئەورووپا) هەرکەس داواکاری پێشکێش بکات، دەبێت پشتگیری کار و بڕی مووچە و پاسپۆرت و بەڵگەنامە عێراقییەکانی پێ بێت.

بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیا کە 01-09-2024 چووە جێبەجێکردنەوە، ئەو کەسانەی کە خاوەنی پاسپۆرتی ئاسایین و تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵە، پێویستیان بە وەرگرتنی ڤیزەی تورکیا نییە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە.

ھەواڵی زیاتر