حکومەتی عێراق بڕیاریدا 1%ـی مووچەی فەرمانبەران بۆ هاوکاریی غەزە و لوبنان و ببڕێت و بڕیارەکە دوو مانگە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێدەکرێت.
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى ئاسایی خۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی بە بڕیاری لێبڕینی 1%ـی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دا، بۆ هاوکاریی و پاڵپشتی غەزە و لوبنان، بەڵام بڕیارەکە خانەنشینانی لێ بەدەرە و مووچەیان لێنابڕێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، بڕیارەکە لە 24ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2024ـەوە بە جێبەجێکراو هەژماردەکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەگەر حکومەت لەسەدا یەکی مووچەکەی فەرمانبەران بۆ هاوکاریی غەزە و لوبنان ببڕێت، ساڵانە بڕەکەی دەگاتە 800 ملیار دینار، کە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەکات.
پێشتر، سەرۆکی پێشووتری دەستەی دەستپاکیی عێراق گوتبووى، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بڕینی یەک دیناری مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی نیە بەبیانوی خێر و بەخشین.
دادوەر رەحیم عەگێلی ئەوکات رایگەیاندبوو، ئەوەی دەکرێت، موزایەدەیە لەسەر حسابی فەرمانبەران، بڕیارەکە پێشێلکردنی یاسا و دەستوورە و دەرگا بۆ زیادەڕۆیی و پێشێلکاریی دیکە دەکاتەوە.