ژینگەی هەولێر: هێڵی گەرممان کارایە و هەرکەس سەرپێچیی ژینگەیی بینی ئاگادارمان بکاتەوە

فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سێ ژمارە مۆبایلی وەکو هێڵی گەرم کارا کرد. بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت، هەر کەسێک سەرپێچیی ژینگەیی بینی ئاگاداریان بکاتەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەرکردنی چەند بڕیارێک بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر و دهۆک، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان چڕکردوونەتەوە.

دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 13-01-2025 رایگەیاند “سێ ژمارە مۆبایلمان کارا کردن و هەر کەسێک لە شوێنێک پێشێلکاریی ژینگەیی بینی، ئاگادارمان بکاتەوە و دەستبەجێ بەدواداچوون دەکەین و چارەسەری دەکەین.”

هیرانی گوتی، ئەگەر سەرپێچییەکان پاڵاوگەی نایاسایی، موەلیدە، ئۆتۆمبێل یان سووتانی تایە و هەر بابەتێکی دیکەی پیسکردنی ژینگەیی بوون، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.

ژمارەکان کە وەکو هێڵی گەرم دانراون ئەمانەن:

07501859805 – 07501859808 – 07831239606

هەر ئەمڕۆ خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رایگەیاند “لە یەک ساڵی رابردوودا 369 خاوەن موەلیدە لەلایەن قایمقامیەتی هەولێر و لیژنەکانی ئێمەوە بەڵێننامەیان پێ پڕکراوەتەوە کە ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە.”

دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوا بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، رێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر.”

دوێنێ چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران کە ئەمانەن:

یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.

سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.

ھەواڵی زیاتر