10 پەیامی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوە تایبەتەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ژمارەیەک نوێنەری هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەشێکی لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی دەستی پێ کرد.

10 پەیامی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پێشەکی کۆبوونەوەکەدا:

1.   ڕەفتاری ئێستە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە.

2.   ئەو تەعامولەی ئێستەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تەعامولی کیانێکی فیدراڵی نییە. بەغدا وەك پارێزگایەك بگرە بچووكتریش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات.

3.   دەبێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بکەینەوە؛ دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پێوەی پابەند بین. دەبێت لە ساڵی 2025 کارێکی وا بکەین خەڵکی ئێمە لەو قەلەقە نەفسییە دەربچێت.

4.    خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوە نییە بەم شێوەیە تەعامولی لەگەڵ بکرێت؛  خەڵکی کوردستان موستەحەقی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەکوو هەموو خەڵکی دیکەی عێراق.

5.   ئێمە داوای یەکسانی و مافە دەستوورییەکانی خۆمان (لە بەغدا) دەکەین. دەبێت هەموو هەوڵێکی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین کێشە و گرفتەکان ڕاست بکەینەوە.

6.  دادگای فیدراڵی، تەنها لە بەرژوەندیی حکوومەتی فیدراڵی، بڕیاری دەرکردووە، هەر کاتێک ویستوویەتی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی  خەڵکی هەرێمی کوردستان دەربکات، بەربەستی بۆ دروست کراوە.

7.  ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە.

8.  ماددەی 140 هێشتا جێبەجێ نەکراوە. بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە. بابەتی پێشمەرگە هێشتا وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە. بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، هەمووی لەبیرچوو.

9.   پێویستە بەرامبەر بەغدا، یەكڕیز و یەكدەنگ بین. نابێت ئینتیمای سیاسی حیزبە سیاسییەکان ڕێگر بێت لەوەی (بەرپرسانی کورد لە بەغدا) نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکەن.

10.  100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟

ھەواڵی زیاتر