چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دامەزراندنی 7050 کەس لە نەینەوا رابگەیێندرێت، هەزاریان تایبەتن بە قەزای شنگال.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ شەممە 11-01-2025 رای
گەیاند، رێکارەکانی راگەیاندنی ئەنجامی دامەزراندنی
7050 کەس بە گرێبەست لە پارێزگای نەینەوا لە قۆناخی کۆتاییدان، بڕیارە لە 10 رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکە رابگەیێندرێت
مانگی حەوت دەرگای پێشکێشکردن بۆ ئەو دامەزراندنە کرایەوە و مانگێک بەردەوام بوو.
دواتر لیژنەی پەیوەندیدار دەستی بە سەیرکردن و یەکلاییکردنەوەی فۆرم و دۆسییەکان کرد.
پێنجشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر ئەو بابەتە میوانداریی لیژنەکەی کرد.
ئەحمەد دووبەردانی، کە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ئەنجوومەنەکە، دەڵێت، “لەو 7050 دامەزراندنە، هەزاریان تایبەت کراون بۆ شنگال و 50یان بۆ فڕۆکەخانەی موسڵ. ئەوانی دیکە بەگوێرەی چڕیی دانیشتووان و پێویستیی وەزارەتەکان بەسەر قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکەدا دابەشکراون.”
دووبەردانی دەڵێت، ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن، مافی پێشکێشکردنیان هەبووە.
دامەزراندنەکە بە گرێبەستە، بۆ سێ ساڵە و کەسی دامەزراو مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەو 7050 کەسە لە کۆی ئەو 150 هەزار دامەزراندنە گرێبەستەیە کە لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق 2023 و 2024 و 2025 دیاریکراون.