تورکیا مەرجەکانى وەرگرتنى ڤیزا بۆ هاونیشتمانییانی سلێمانى قورستر دەکات

لە دواى سزاکانى سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى، تورکیا مەرجەکانى وەرگرتنى ڤیزاى هاونیشتمانییان قورستر دەکات و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیی سلێمانیش بەناچارى پەنا بۆ شوێنەکانى دیکە دەبەن بۆ وەرگرتنى ڤیزا.

عەتا ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکانى سلێمانى رایگەیاند، “وەرگرتنى ڤیزاى تورکیا بۆ گەنجەکان قورسترە و ئەگەر چەند مەرجێکیان تێدانەبێت، ناتوانن ڤیزا وەربگرن، کە لەگەڵ مەرجەکانى ڤیزاى شنگن جیاوازییان نییە، چونکە داواى تاپۆى خانوویان لێدەکرێت، لەگەڵ پشتگیریى شوێنى ئیشەکەى و داهاتەکەى و ئامانجى سەردانەکەى بۆ تورکیا”.

گوتیشى، “هاونیشتمانییانی سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەزۆرى داواکردنی ڤیزایان رەتدەکرێتەوە، بۆیە بەناچارى پەنا بۆ شوێنەکانى دیکە دەبەن بۆ وەرگرتنى ڤیزا کە لە هەندێک شوێن نرخەکەى گەیشتووەتە نزیکەى سێ هەزار دۆلار”.

عەتا ئەنوەر، ئاماژەى بەوەشکرد، “ماوەى زیاتر لە شەش مانگە تورکیا ڤیزاى بۆ دوو تەمەنى جیاواز هەڵگرتووە بەجۆرێک ئەو کەسانەى تەمەنیان لە سەروو 50 ساڵییەوەیە لەگەڵ ئەو کەسانەى تەمەنیان لە خوار 15 ساڵییە بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانى تورکیا بکەن”.

دەشڵێت، “ئەو بڕیارە لەگەڵ باشییەکانیدا گرفتى بۆ ژمارەیەک خێزان دروستکردووە، چونکە منداڵەکانیان ئەوانەى تەمەنیان لەسەروو 15 ساڵییەوەیە قبوڵ ناکرێن، کە ئەوەش رێگرە لە گەشتى ئەو خێزانانە بۆ تورکیا”.

بەگوتەى عەتا ئەنوەر، لە مانگى ئابى ساڵى 2024ـەوە تورکیا بەتەواوى گۆڕانکارى لە شێوازى پێدانى ڤیزا بە هاونیشتمانییانی هەرێمى کوردستان و عێراق کردووە و ڤیزاکە لە یەک جۆرەوە کراوە بە سێ جۆر و نرخەکانیشیان جیاوازە کە لە 145 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 185دۆلار، بەراورد بەساڵانى رابردوو نرخەکان زیادیکردووە.

لە سلێمانی نزیکەی 150کۆمپانیا و نووسینگە مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزا و تکتی فڕۆکە بۆ گەشتیاران دەکەن، بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان، پێش راگرتنی گەشتەکان، رۆژانە هەریەکەیان بە تێکڕا نزیکەی 150دۆلار تەنیا لە وەرگرتنی تکت بۆ گەشتیاران قازانجیان دەکرد، بەڵام لەماوەی ساڵێک و نۆ مانگ راگرتنی گەشتەکاندا زیاتر لە 14ملیۆن دۆلار لە راگرتنی تکتەکاندا زیانیان بەرکەوتووە.

رۆژی 3ـی نیسانی 2023، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەند جارێک سزاکانى بۆ سەر فڕۆکەخانەکە درێژ کردووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر