مووچەی 25 هەزار خانەنشینی دیکەی کوردستان لەگەڵ عێراق هاوتا دەکرێت.
ئەحمەد عەلی، ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ڕایگەیاند: ئێمە لەو کۆمەڵە خانەنشینەین کە پێش 1-1-2014 خانەنشین کراوین، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هاوتاکردنی مووچە دەمانگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەکانمان هاوتا نەکراوە، داوا دەکەین مووچەی ئێمەش هاوشێوەی خانەنشینەکانی دیکە هاوتا بکرێت.
ڕاشیگەیاند: خانەنشینانی کۆیە و ڕانیە و هەڵەبجە کە لەگەڵ ئێمە خانەنشین کراون، مووچەی مانگی 11ی 2024یان بە هاوتاکراوی وەرگرت، ئێمە پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانییەوە کرد، بەڵام وەڵامی نەداینەوە.
هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: دڵنیایی بە خانەنشینان دەدەین کە مووچەی هەموویان هاوتا دەکرێت، هۆکاری دواکەوتنی هاوتاکردنەکەش ئەوەیە کە پێڕاناگەین، هەندێک فەرمانگە سیستمەکەی خاوە و هەندێکیان خێرایە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: کارەکان هەمووی بە قۆناغ دەکرێن، بۆ مووچەی مانگی یەک زۆرینەی خانەنشینان مووچەیان بە هاوتاکراوی وەردەگرن.
شایەنی باسە، لە هەرێمی کوردستان 270 هەزار خانەنشین هەیە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 هەزار خانەنشین مووچەکانیان هاوتا کراوە.