تیمی هەژماری من و شاندی تەکنیکی بانکی TBI رێکدەکەون
تی بی ئای لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئامێری ڕاکێشانی پارە لە نێو کابینەکانی هەژماری من دادەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، شاندی تەکنیکی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و تیمی هەژماری یەکەم کۆبوونەوەیان کرد و بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان، هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت.
هەروەها لەو خزمەتگوزارییانەی ڕێککەوتنیان لەسەرکراوە، بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. بڕیاریشە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی بانکی (TBI) بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە و لە ڕێگەی ئەو هەشت بانکەی ناو پرۆژەی هەژماری من لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. هەفتەی ڕابردووش، هەریەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).