ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی ‘تی بی ئای’: لە نزیکترین کات دوو لقی دیکە لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە.
عەقیل شوێلی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکەکەمان گرێبەستی لەگەڵ پرۆژەی ‘هەژماری من’ ئیمزا کرد.”
ئەو بەرپرسەی بانکی ‘تی بی ئای’ باسی لەوەش کرد “تەنها یەک لقی بانکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە نزیکترین کات دوو لقی دیکەش لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە.”
شوێلی ڕوونیشی کردەوە “لە چوارچێوەی گرێبەستەکە، بڕیارە پڕۆژەی “هەژماری من” دانانی ATM بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت، 34 هەزار فەرمانبەر ناوی خۆی تۆمار کردووە و ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەشداربوو ماستەرکارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ 3900 کارتی دیکەیان ڕەوانەی لقی هەولێر کردووە.”
ڕاوێژکارەکەی بانکی ‘تی بی ئای’ دووپاتی کردەوە “پێدانی کارت و تۆمارکردنی ناوی نوێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرداوامه و ژمارەکەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.” گوتیشی: “هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق سوودمەندی تەواوی خزمەتگوزاریە بانکییەکانی دەبن و بەشداریکردنی TBI وەک بانکێکی حکوومەتی، پڕۆژەی هەژماری متمانەی زیاتری دەبێت لای فەرمانبەران.”
ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیمزاکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ پرۆژەی “هەژماری من” ڕاگەیاند؛ ژمارەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەکە گەیشتە هەشت بانک.
بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی “هەژماری من تاکوو ئێستا بریتین لە: (بانکی جیهان، بانکی ئاڕتی، بانکی بەغداد، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، بانکی BBAC، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی IDB).
ژێدەر
K24