سێ “بكوژ” لە هەولێر دەستگیركران

پۆلیسی هەولێر سێ کەسی بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک دەستگیر کرد.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای ئاگاداركردنەوەی بەشی پۆلیسی عەنكاوە بە بوونی ڕووداوێكی كوشتن لە گوندی (سورخان)، تیمێكی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی توڕەق پێكهێندرا و گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، دەركەوت كەوا هاووڵاتییەك بە ناوی (عەزیز حەسن عوسمان) لەلایەن (٣) تۆمەتبارەوە بە ئۆتۆمبێل خۆیان پێدا کێشاوە وتەقەیان لێکردووە و لە ئاكامدا گیانی لە دەست داوە.

هۆگر عەزیز دەڵێ “پۆلیس توانی بە ماوەی كەمتر لە (٢) كاتژمێر تۆمەتباران بە ناوەكانی (س.م.ع.) و (س.س.م.) و (م.س.م.) دەستگیر بكەن، هەرسێ تۆمەتبارەكە دوای دەستگیركردنیان دانیان نا بە تاوانەكەیاندا كەوا لەسەر كێشەی زەوی بووەتە دەمەقاڵەیان و لە ئاكامدا تەقە لە نێوانیاندا کراوە و بەو هۆیەوە گوللـەیەك بەر کوژراوەکە كەوتووە و لە شوێنی ڕووداو گیانی لە دەست داوە، هەروەها تۆمەتبار (س.س.م)ـیش زامدار دەبێت.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و دادوەر بڕیاریدا بە بەندكردنی هەرسێ تۆمەتبارەكە بەپێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادان.

ھەواڵی زیاتر