مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری رایگەیاند، “بەشداری 72% لە هەڵبژاردن ئاماژەی هۆشیاریی خەڵکە”.
مەسرور بارزانی: هەڵبژاردنێکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت بۆ هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان. دەبووایە پێش دوو ساڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، لە ساڵی 2022، بەڵام لەبەر هۆکاری دیار و پێداگریی هەندێک لایەن هەڵبژاردن دواخرا، تاوەکو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕانکاریی یاسای هەڵبژاردن کرا.
مەسرور بارزانی: داوای نەهێشتنی پێکهاتەکانی کۆتاکان کرا و داوای ئەوە کرا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا سەرپەرشتی ئەم هەڵبژاردنە بکات.
مەسرور بارزانی: هیوادارم هەموو لایەنێک بتوانن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن قبووڵ بکەن، هەرچەندە تێبینیش هەبووبێت
مەسرور بارزانی: بەشداریی 72٪ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردن نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان هۆشیارە و بڕوایان بە دیمۆکراسی هەیە و بە بەشداریی خۆیان و بە دەنگدانی خۆیان بۆ ئەو لایەنەی کە متمانەیان پێیانە دیاریان کرد کە چییان دەوێ و هەڵسەنگاندیان بۆ لایەنە سیاسییەکان چۆن بووە.
مەسرور بارزانی: بە بەشداریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دیار بوو کە هەڵبژاردنێکی زۆر باش بووە و هەموو لایەنێک دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە رای خەڵک هەرچییەک بێت، ئەنجامەکان جێی رەزامەندیی لایەنە سیاسییەکانیش بن.
مەسرور بارزانی: راستی جیاوازە لەگەڵ پێشبینی؛ زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن بەجۆرێکی دیکە بیری کردووەتەوە یان پێشبینیی جۆرە ئەنجامێکی کردووە، دوای ئەوەی کە ئەنجامەکان بەجۆرێکی تر دەرچوون، ئێستا هەڵوێستی جیاوازیان وەرگرتووە.