“ئازادی ڕادەربڕین لە سلێمانی، تەنیا درۆیەکی شاخدارە”

شەش ساڵە لە دادگای سلێمانی دادگایی دەکرێم.

لەساڵی ٢٠١٨ پاش ئەوەی لەبەرنامەی هێلی سووری کەناڵی ( NRT ) یەکێک لە بەرپرسەکانی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هێرشی ناڕەوای کردە سەر من و نمای کچم منیش وەڵامم دایەوە کە قسە لە کەسانی ئەو ڕێکخراوە وەرناگرم لەبەر ئەوە ڕێکخراوەکە حزبیە.

لەسەر قسەکانم ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان شکاتیان کردم بە یاسای خراپ بەکارهێنانی موبایل پاشان دەستگیرام.

پاش ناڕەزایی و فشاری مەدەنی کەسانی دڵسۆز ئازادکرام
هەر یەکەم ڕۆژ ( دادگای سلێمانی و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ) ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە
کە بەیاسای ڕۆژنامەگەری هەڵسوکەوتم لەگەڵ کراوە و یاساکەیان گۆڕیوە لە خراپ بەکارهێنانی موبایلەوە بۆ یاسای ڕۆژنامەگەری،
هەردوو ڕاگەیاندراوەکە ئەسڵ و ئەساسیان نەبوو و چەواشەکاری بوون چونکە دواتر فەرمانی گرتنم بەیاسای خراپ بەکارهێنانی موبایل گشتاندنی پێکرابوو.

پاش دەستگیرکرنەوەم ئەوە ماوەی ٦ ساڵە دادگایی دەکرێم دوای چەندین دانیشتنی دادگا ئەمڕۆ دادگاییکردنم دواخرا بۆ ١٩ / ١ / ٢٠٢٥

لێرەوە دەمەوێت چەند قسەیەک بکەم

ئەو قسانەی من کردوومن خراپ بەکارهێنانی موبایل نەبووە و وەڵامێکی میدیایی بوون بۆ چەواشەکاری بەرپرسێکی ڕێکخراوەکە،
خراپ بەکارهێنانی موبایل ئەوەیە کامێرای نهێنی بۆ خەڵک دابنێی و وێنەی بگریت و لە ململانێ سیاسییەکاندا وێنە و ڤیدیۆکان بەکاربهێنی و لە پەیجە سێبەرەکانتەوە بڵاوی بکەیتەوە،

بەحساب جۆری تاوانەکەم ئەوەیە وتوومە ڕێکخراوی منداڵپارێز ڕێکخراوێکی حزبییە
هەرگیز خۆم بەتاوانبار نازانم جارێکی تر لێرەوە و سەد هەزار جاری تریش دووبارەی دەکەمەوە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان حزبییە و دامەزراوەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و سەرەتا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دایمەزراندووە و ئێستاش سارا لەطیف کچی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرپەرشتی دەکات.
ئەگەر منداڵپارێز حزبی نەبێت ( چاودێر و گەلاوێژ )یش حزبی نین و ئێستا داگیرکراون.

ماوەتەوە بڵێم ئەو ئازادییەی لەم زۆنە باسی دەکەن درۆیەکی شاخدارە و خێزانەکەی من بە هەموو شێوەیەک قوربانی ئازادی دەربڕین و داواکاری مافەکانمانین و هەموو جۆرە سزایەکی سیاسی دراوین، دەیان تۆمەتیان بۆ هەڵبستووین و چەندین جار ڕووبەڕووی دادگا کراوینەتەوە،
ئازاردانمان تەنها بۆ ئەوەیە بێدەنگ بین یان لایەنگریان بین
لەبەر ئەوە کە باسی ئازارەکانمان ناکەین نامانەوێت خۆمان بکەین بە هەواڵ و خەڵک مەشغوڵ بکەین بە خۆمانەوە.

ئێمە هەموو قوربانییەکمان دا بۆ ئەوەی ئازاد و خۆشگوزران بژین،
ئێستا کە خۆشگوزرانیمان نەماوە و هەموو ماف و ماڵ و سەروەرت و سامان و داهات و زەوی و کار و کاسپیمان لێدزراوە،کاتێک دەمانەوێت داوای مافەکانمان بکەین زنجیری کۆیلەکانیان دەکەنەوە و تێمان بەردەدەن، کاتێکیش بەدەنگێکی کز بەرگری لەخۆمان دەکەین ڕووبەڕووی پۆلیس و دادگامان دەکەنەوە.

دەمەوێت یەکێتی نیشتمانیش باش بزانێت شەش ساڵ دادگایی کردنم لەلایەن ڕێکخراوێکیانەوە کە بەرپرسە باڵاکانتان ئاگاداری کەیسەکەن، لای من هیچ جیاوازی نییە لە شەش ساڵ زیندانیکردنم و هەر هاتوو چوون و خستنەقەفەزی دادگاوە ڕۆژ بەڕۆژ ڕق ئەستووری کردووم بەرانبەرتان و هیچ جیاوازیتان ناکەم لەگەڵ حزبی بەعس.
هەر شتێکیش دووێنێ بە بەعس دەکرا و ئەمڕۆ بەئێوە دەکرێت، دڵنیابن سبەینێ بە خەڵکی تریش دەکرێت.

نەریمان سابیر، باوکی نما

ھەواڵی زیاتر