سەرکردە شیعەکان بۆ لەکارلادانی کازمی کۆدەبنەوە

كازمی سەردانە ٤ ڕۆژییەكەی بۆ واشنتن كۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە بەغداد، بەڵام كازمی خۆی پێی وایە كە بەدەستی پڕەوە گەڕاوەتەوە و گەرەنتی مانەوەی وەرگرتووە، بەڵام نەیارانی ئەم سەردانەی كازمی بە خۆكوژی پێناسە دەكەن كە كۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت.

 كازمی لە واشنتن چی كرد ؟

 ئەو پێشوازییە گەرمەی لە واشنتن لە كازمی كرا بێ هۆ نییە و ئەمریكا ویستی ئەو پەیامە بگەنێت كە عێراق بۆ ئێران جێناهێڵێت و پشتیوانی كازمییە بۆ دروستكردنی عێراقێكی ناوەندی بەهێز. لە پێش سەردانەكە ترەمپ پلانی وا بوو كە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن  بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی بدات لە عێراق و فشار لە كازمی بكات بۆ دەستبەجێ چەکكردنی میلیشیاكانی حەشد، بەڵام كازمی ژیرانە  ئیدارەی ترەمپی ڕازیكرد بە مانەوەی هێزەكانی ئەویش لە ڕێگای:

١- كازمی مەترسی كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق خستە ڕوو كە بەبێ ئەو هێزانە ناتوانێت لە حكومڕانی بەردەوامبێت و ئێران جارێكی تر دەست بەسەر عێراقدا دەگرێتەوە.

٢- پێشنیازی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای خستە بەردەم ئیدارەی ترەمپ تا ئەو كاتەی سوپای عێراق ئامادە دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق.

٣-  ڕاپۆرتێكی دوورو درێژ لەسەر مەترسی شەڕی ناوخۆ و مەترسی داعش خرایە ڕوو كە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، عێراق دەبێت بە گۆڕەپانێكی مەترسیداری شەڕ.

٤- مەترسی پەلەكردن لە سنوورداركردنی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بۆ ئیدارەی ترەمپ خستە ڕوو.

٥- ئەمریكای ڕازیكرد بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەگەر دەرفەت گونجا و نەبوو پێویستی بەكاتی زیاتر بوو.

٦-لە بەرامبەردا كازمی بەڵێنی پێدانی كۆمەڵێك گرێبەستی نەوتی و غازی و كارەبای بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان داوە.

هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ بڕیاریداوە بەشێك لە هێزەكانی بكێشێنێتەوە بۆ كوەیت و هێزەكانی دیكەی لە بنكەی سەربازی ڤیكتۆریای فڕۆكەخانەی بەغداد و فڕۆكەخانەی هەریری كوردستان بهێڵێتەوە.

هاوكات هێزەكانی لە سەربازگەكانی دیكە بكشێنێتەوە، چونكە ئەمە مەترسی كردنە ئامانجیان كەم دەكاتەوە و لە بەرامبەردا بەشێك لە شەقامی سیاسی عێراق  ڕازی دەكات و بڕیاری پەرلەمان جێبەجێ دەكات و بەڵێنی خۆشی بەجێدەهێنێت بەواتەیەكی تر تاكتیكە.

هەوڵی لەكارلادانی كازمی

 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئێران و بەشێك لە هێزە سیاسییەكان چاوەڕێی ئەوە بوون كە كازمی لە واشنتنەوە بڕیاری دەستبەجێ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ڕابگەیەنێت كە داواكاری سەرەكی ئەوان بوو

بەڵام كازمی بە پێچەوانەوە مانەوەی سێ ساڵی هێزەكانی ئەمەریكای ڕاگەیاند و تووشی شۆكی كردن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كاردانەوەی تووندیان هەبێت لەوانە:

١- بڕیارە سبەی سەركردە شیعەكانی عێراق لە نەجەف كۆببنەوە و هادی عامری و قەیس خەزعەلی و مونتەزەر حوسێنی و مالیكی پێشنیازی لەكارلادانی كازمی دەخەنە ڕوو

بەڵام موقتەدا سەدر كە هێزی یەكلاكەرەوەیە و تا ئێستا بڕیاری نەداوە، ترسی هەیە لە ئەگەری لادانی كازمیدا عێراق بكەوێتە دەست میلیشیاكان و دۆخی عێراق بكەوێتە شەڕی ناوخۆوە.

٢- ملیشیاكانی حەشد چالاكییەكانیان دژی هێزەكانی ئەمەریكا  زیاتر دەكەن

٣- بە ناڕاستەوخۆ شەڕی دژی حكومەت ڕادەگەیەنن و هەوڵی ئاژاوە و پشێوی دەدەن

هەربۆیە دوو هەفتەی داهاتوو بۆ كازمی گرنگ و چارەنوسساز دەبێت و بڕیارە لەدوای گەڕانەوەی لەبەسرە لەگەڵ سەركردەكانی شیعە كۆببێتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی وردەكاری سەردانەكەی.

ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێكەوتنەكەی ئەمەریكا و عێراق

 لە سەردانەكەیدا كازمی چەند ڕێكەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بە بڕی ٨ ملیار دۆلار ئیمزاكرد، بەڵام جێبەجێكردنی ئەم ریكەوتنانە پەیوەستەبە:

١- سەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بتوانن كارەكانیان ئەنجامبدەن

٢- ڕێگری كردن لە ئێران، چونكە  بەشێكی ڕێكەوتنەكە تایبەتە بە بەرهەنهێنانی كارەبا و غازەوە وەك جێگرەوەی كارەبا و غازی ئێران كە ئەستەمە ئێران لەمە بێدەنگ بێت

٣- چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چونكە بەشێك لە ڕێككەوتنەكان پێویستی بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا هەیە

٤- چاكسازی لە بەشێك لە یاساكاندا كە ڕێگرن لە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكان و ئاسانكاری لە ڕێگەی وەزارەتەكانەوە بۆ ئەوەی كارەكان بە خێرایی ئەنجامبدرێت و دووربێت لە گەندەڵی و ڕۆتین.

ئەمەریكا چۆن پشتیوانی كازمی دەكات؟

 لە دیداری ترەمپ و كازمیدا ترەمپ جگە لە بەخشینی ٢٠٤ ملیۆن دۆلار بڕیاری دا:

١- ئەمەریكا چەكی ئەو هێزانەی دەیكێشێتەوە ڕادەستی سوپای عێراق دەكات

٢- چەند یەكەیەكی نوێی دژە تیرۆر دادەمەزرێنێت و پڕچەكیان دەكات

٣- لە ڕووی كارگێڕی و بەڕێوبردنەوە ژمارەیەك ڕاوێژكاری پسپۆری ئەمەریكی بۆ كازمی دادەمەزرێنرێت

٤- لە ڕووی وزەوە عێراق بە ئوردن و میسرەوە دەبەسترێتەوە، جگە لەوەی بە كەنداوەوە دەبەسترێتەوە

٥- لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی بۆ حكومەتی كازمی كۆدەكرێتەوە

بەڵام لە بەرامبەڕدا كازمی بەڵینیداوە لە ماوەی ٤ مانگدا هەنگاوی كرداری بنێت بۆ سنووردار كردنی دەسەڵاتی میلیشیاكان و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی

ئایا سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە عێڕاق دەگۆڕێت ئەگەر ترەمپ بدۆڕێت؟

 لە دیداری كازمیدا لەگەڵ دیموكراتەكان و ڕاوێژكارێكی بایدندا ئەو پەیامە بەكازمی درا كە بایدن لە ئەگەری سەر كەوتنیدا پشتیوانی زیاتری حكومەتی كازمی  و هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق زیاتر دەكەن

بەڵام ئەم پرسە تەنها بەڵێنە و ئەگەر بایدن سەربكەوێت ئەوكات پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمەریكا ئایندەی كازمی حكومەتەكەی یەكلایی دەكاتەوە، چونكە پەیوەندی ئێران و ئەمەریكا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت.

دەرئەنجام

١- كازمی  دەكەوێتە ژێر فشارێكی زۆری میلیشیاكان و ئێرانەوە، چونكە ئێران زۆر نیگەرانە لەكازمی، لەلایەك بەهۆی دیداری كازمی و ئاقانییەوە كە ڕەتیكردبووەوە مامەڵە لەگەڵ فەیلەقی قودسدا بكات و ڕایگەیاند كە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی ئێراندا دەكات نەك گرووپ و كەس.

هاوكات ئەنجامی سەردانی كازمی بۆ واشنتن و نەكشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا و گرێبەستەكانی كارەبا و نەوت و غاز ئێرانی توڕە كردووە.

٢- كازمی ئەم دوو هەفتەیە بە قۆناغێكی یەكلاییكەرەوەدا تێپەڕدەبێت، كە ئایا دەتوانێت ئاڵۆزییەكان كۆنترۆڵ بكات یان شكست دێنێت، چونكە گەڕاوەتەوە ناو دۆزەخێك كە ملیشیاكان بڕیاریانداوە كازمی تێدا بسووتێنن.

٣-كازمی  ئێستا لەبری ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، دەبێت  گرژییەكان كەمبكاتەوە و لەلایەكی ترەوە توڕەیی شەقام بەلای خۆیدا ڕابكێشێت دژی میلیشیاكانی حەشد

٤- بۆ ئەمەریكا گرنگە پەرلەمانی داهاتوو پاكبكرێتەوە لە حەشد و بڕیارەكەی ٢٠٢٠/١/٥  بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا هەڵبوەشێنێتەوە

٥- لەم چەند ڕۆژەدا كازمی بڕیاری تووند و گرنگ دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی ئەمنی، پشت بەست بەو گەرەنتیەی لە واشنتن وەریگرتووە

٥- تا دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا گرنگە كازمی هەنگاوی دژ بە حەشد نەنێت كە ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، چونكە پشتیوانی سیستانی لە دەستدەدات كە پایەی راگری دەسەڵاتی كازمییە( ڕای كەسییە)

٦- ڕاگرتنی باڵانسی داواكاری خۆپیشاندەران و ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان  گەورەترین  ڕێگری بەردەم كازمییە و دەبێت ئەم باڵانسە بە جۆرێك ڕابگرێت كە كێشەكان گەورەتر نەكات، چونكە كازمی بەسەر تاڵە موویەكدا هەنگاو دەنێت و هەر هەڵەیەك كۆتای بە دەسەڵاتی دەهێنێت(ڕای كەسییە)

شرۆڤەكار:

د.سەنگەر سەید قادر

بەرپرسی دیسكی عێراق و كوردستانی ناوەندی ئیمارات بۆ لیكۆڵینەوەی ستراتیژی

ھەواڵی زیاتر