ئەمرۆ یەکشەممە، 8/9/2024 بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان, ڕایگەیاند:
بازرگانێکی مەترسیدار لەدەرەوەی وڵات و هاوکات دوو بازرگانی دیکە لە ناوخۆ دەستگیرکران، هەروەها بری (١٠) کیلۆگرام کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا .
لەبەردەوامی هەوڵەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە پرۆسەیەکی هەواڵگری ورد و بەدواداچوونی بەردەوام کە چەند مانگێکی خایاند، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە ڕێکەوتی ٥ی ٩ی ٢٠٢٤ دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە (١٠) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە لە شاری هەولێر و سلێمانی دەستگیرکران، دواتر شوێنی بازرگانە سەرەکیەکە کە لە وڵاتی لوبنان نیشتەجێ بوو دەستنیشانکراو دوای هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕال و ناردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تاوانبارەکە بۆیان، لە ڕێکەوتی ٦ی٩ی٢٠٢٤ هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان توانییان ئەو بازرگانە مەترسیدارە کە چەندین پێشینەی تاوان و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو دەستگیربکەن .
جێی ئاماژە بۆکردنە ئەم بازرگانە بەڕەگەز کوردەو سەرچاوەی دابینکردنی بەشی زۆری ئەم ماددە هۆشبەرانە بوو کە لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق ساغ دەکرایەوەو بڵاودەکرایەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لەو بازرگانانەی کە لە هەرێم دەستگیراون و دراونەتە دادگا لەم کەسەوە فێری ئەم بازرگانیە بوون و لەم کارە قێزەوەنە تێوەگڵاون.
لەم چاڵاکییەدا بە سوپاسەوە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بەدەزگای ئاساییشی هەرێم/سلێمانی هاوکارو هەماهەنگمان بوون.
بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان
٨ی٩ی٢٠٢٤