بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  “یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان” لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.

لە بارەی سیمپۆزیۆمەکەوە، بەڕێوبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا ڕایگەیاندووە “ئەم سیمپۆزیۆمە  بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت، یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتییە لەو جۆرەیە، کە بە بەشداری بەرفراوانی زیاتر لە 40 ئەکادیمیست و توێژەری زیاتر لە 25 زانکۆی نێودەوڵەتی بەناوبانگ لە 15 جیهانی، دیارترینیان زانکۆی هارڤارد و ئۆکسفۆرد و کامبریج، هەروەها ژمارەیەک توێژەر و ئەکادیمی دیکەی بەشداربوو لە زانکۆ جیاوازەکانی عێراق”.

هەروەها ئاماژەی داوە “لە سیمپۆزیۆمەکەدا باس لەو توێژینەوانە دەکرێت کە تایبەتن بە فەرهەنگ، هونەرە بینراوەکان و پیشە سریانییەکان، مۆسیقا و گۆرانی سریانی، شانۆی سریانی، هونەری نمایشی و سینەمای سریانی، هەروەها ژیانی گوندە سریانيیەکان، لەگەڵ مێدیای سریانی و چۆنیەتی پەرەپێدانی”.

هەر لەم سیمپۆزۆمەوە گفتوگۆ لەسەر 50 توێژینەوە دەکرێت کە لەلایەن لیژنەى زانستى و لە نێوان 100 توێژینەوەى پێشکەشکراو بۆ بەشداریکردن و لەم سیمپۆزیۆمە هەڵبژێردراون.

کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا دەڵێت:ئامانج لە بەڕێوەچوونی سیمپۆزیۆمەکە جەختکردنە لەسەر ئەوەی کە زمانی سریانی تەنیا زمانێکی لیتۆرگیی نییە بۆ کەمینەیەکی ئایینی پەراوێزخراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو وەک زمانی فەرهەنگی گەلێکی ڕەسەنە لە سەردەمی نوێدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەشداربووان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن زمان و فەرهەنگی سریانی توانیویەتی لە سەرانسەری جیهاندا بمێنێتەوە و پەیوەندی بکات.

یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان لە ژێر دروشمی “سریانى کولتوورێکی زیندووە… توخمەکانی خۆڕاگریمان بەهێز دەکات” لە 5 بۆ 8ی ئەیلول بەردەوام دەبێت، کە مەراسیمی کردنەوەکەی لە هۆڵی کۆنفرانسی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، دواتر گفتوگۆییەکانى لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی کاسۆلیکی/هەولێر و هۆڵی کۆنفڕانسی پاتریارک مار یوسفی شەشەم ئودۆ لە دێرى گابرێل دێنبۆ، لە عەنکاوە بەڕێوە دەچن.

ھەواڵی زیاتر