وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى گشتاندنێک لەبارەى دامەزراندنى وانەبێژان دەردەکات

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کە بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ (4/ 9/ 2024) دەرچوە، جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەى وانەبێژان سەرجەم ئەو بەڕێزانە دەگرێتەوە کە لە ساڵانى خوێندنى (2019-2020) تاکو (2023-2024) وانەبێژ بون لە زانکۆ و دامەزراوەکانى دیکەى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا.

هەر لە گشتاندنەکەدا هاتوە پێویستە بەڵگەنامەى پێویست هەبێت کە بیسەلمێنێت ناوبراوان بە کردارەکى وانەبێژ بون لە زانکۆکانتان، واتە (پارەی وەرگرتبێت یان ناوى لە خشتەى وانە وتنەوەدا هەبێت یاخود فەرمانى زانکۆیی هەبێت) بە پێچەوانەوە هەر ناوێک وەک وانەبێژ بۆ وەزارەتەکەمان بنێرن و مەرج و خاڵەکانى ئاماژە پێکراوى سەرەوەى تێدا نەبێت لێپێچینەوەى یاسایی ئەنجام دەدرێت.

لە کۆتای گشتاندنەکەدا هاتوە؛ سەرجەم ئەو ناوانەى کە زانکۆکان بۆ وەزارت ناردویانە یاخود ئامادەکراون بۆ ئەوەى بۆمان بنێرن، لەسەر بنەماى ناوەرۆکى ئەم گشتاندنە پێداچونەوەو وردبینى بۆ بکەن تاکو کۆتاى دەوامى رۆژى دوشەممەى داهاتو ڕێکەوتى (9/ 9/ 2024) وەک دوا وادە بەدەستمان بگات بۆ ئەوەى کارى پێویست لەلایەن وەزارەت ئەنجامبدرێت، بۆیە هەر زانکۆیەک ناوەکان تا ئەو ڕێکەوتە نەنێرێت وانەبێژانی بێ بەش دەبن و کاریان لەسەر ناکرێت.

جێگەى ئاماژە بۆ کردنە رۆژى سێشەممەى داهاتو (10/ 9/ 2024) لێژنەی وردبینی لە وەزارەت دەست بە وردبینی ناوى وانەبێژان دەکات و لیستى ناوەکان یەکدەخات.

بۆ بینینى دەقى گشتاندنەکە ئەم بەستەرەى خوارەوە کلیک بکە:

https://drive.google.com/file/d/164zMNOC6TQ6tXbZE_mUBuKnU2OXOtbRX/view?usp=sharing
ھەواڵی زیاتر