پۆلیسی ھەولێر: کاوە عەبدولقادرمان لەژێر دەستی خەڵک ڕزگار کردووە
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر، ڕایەگەیندراوێکی لەسەر کاوە عبدالقادر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر، لەسەر کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و پەلاماردانی لەناو بازاڕی ھەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارە چووەتە نێو بازاڕی شاری ھەولێر، خەڵکی هانداوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام لە لایەن خەڵکی کاسبکاری نێو بازاڕ و سڤیل، پەلاماری دراوە و ویستراوە ئازاری پێبگەێنن.
ھەر بەگوێرەی ڕاگویەندراوەکەی پۆلیسی ھەولێر، “لەوکاتەدا پۆلیس بە ئەرکی خۆیان ھەڵساون و بە هانای کاوە عەبدولقادر چوونە، ھەروەھا توانیویانە پەرلەمانتارەکە لە ژێردەستی خەڵکەکە دەرباز بکەن و نەهێڵن ئازارى پێبگات”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، “هەموو ئەو پڕوپاگەندە و دەنگۆ و چەواشەکارییانە ڕەتدەکەینەوە کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات گوایە پۆلیس ئازاری ئەو پەرلەمانتارەی داوە، ئەمە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە و دوورە لە ڕاستیەوە”.