سەرۆکی حکومەت: هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت ناوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/9/3، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگە و کۆنفرانسی HITEX لە شاری هەولێر کردەوە.
دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەت بەشەکانی پێشانگەکەی بەسەر کردەوە ، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بە ئەليکترۆنیکردن کاروبارەکانی حکومەت و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم بووە لەپێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگەگرتن لە بیرۆکراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر بەخێر بێن و خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەم پێشانگایەدا کە نوێنەرانی کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بوارە جیاکانی تەکنەلۆژیا و بانکی گەیاندن و زانیاریی، تێیدا بەشدارن. هیوادارم ئەم پیشانگایە، ببێتە دەرفەتێک بۆ زیاتر پێشکەوتنی بواری تەکنەلۆژیا و بەستنەوەی زیاترمان بە بازاڕ و جیهانی تەکنەلۆجیا.

بە ئەليکترۆنیکردنى کاروبارەکانی حکومەت و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەپێناو بەرزکردنەوە و خێراترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگەگرتن لە بیرۆکراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، يەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بووە.

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە فەرمانگە چالاک و پێشەنگەکانی حکومەت، کە کار بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز و پێشکەوتووی دیجیتاڵی دەکات و لە ماوەی ڕابردوودا، ستراتيژی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، بە ئامانجی ھێنانەکایەی حکومەتێکی سەردەمیيانەی دیجیتاڵی کە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابووریمان بەرفراوانتر و خێراتر بکات بە جۆرێک ھاووڵاتییان ببنە سەنتەری گرنگیپێدان لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاوە.

یەکێک لە تەوەرەکانی کۆنفرانسی هایتێکس، حوكمڕانی و پەرەپێدانی کەرتەکانی تەکنەلۆژیای دارایی و بانکییە. بۆیە بە پێویستی دەزانم باس لە بەرنامەکانی حکومەت لە بواری چاکسازيی بانکی بکەم.

هەبوونی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی گرنگە و، لەم ڕوانگەیەوە، دەستمان بە ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستەمی بانکی کرد، لەپێناو بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی ئابووريی دیجیتاڵيی هاوچەرخ و بەهێز کە بتوانین هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێین.

ئێستا دەتوانم بڵێم کە ئێمە لە سەر ڕێگەیەکی ڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازین لە ڕووی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان کە زیاتر هانی بازرگانان و وەبەرهێنەران لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان دەدات بۆ ئەوەی بەمەبەستی وەبەرهێنەران و سەرمایەگوزاری لە بواری جۆراوجۆردا، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیتان لە پڕۆژەی ( هەژماری من ) دەکەم کە نموونەیەکە بۆ دەستپێکی گەڕاندنەوەی متمانە بە بانکەکان و سیستەمی بانکی. وەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە لەماوەی ساڵێکدا، یەک ملیۆن مووچەخۆر لە سیستەمی بانکیدا تۆمار بکرێن کە ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە، چونکە کارێکی ئاسایی و ئاسان نییە، لەو ماوە کورتەدا ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان بخرێنە ناو سیستەمی بانکییەوە. هەرچەندە پێشتر پێیان دەگوتم کە کە ئەستەمە کارێکی وا لەو ماوەیەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان نزیک دەبینەوە.

ئێستا سیستەمی بانکی ئێمە لە پێشتر بەهێزتر و کاراترە و بە ڕێژەیەکی باش گەشەی کردووە. چیتر هەزاران فەرمانبەری حکومی ، بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان چەندین کاتژمێر نۆرە بگرن. ڕێکارەکانی هەناردەکردن و وەرگرتنی حەواڵەش ئاسانتر بووە و دەتوانرێت لە ڕێگەی مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت. هەروەها ئێستا 200 ئامێری ATM لە سەرانسەری هەرێمدا دانراون کە لە ئەنجامدا ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ هەزار ئامێر.

تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کارمەندی کەرتی گشتی کوردستانمان هێناوەتە ناو سیستەمی بانکی. خزمەتگوزاری بانکی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دە مانگی ڕابردوودا، پێنج هێندە گەشەی کردووە. لەم مانگەدا زیاتر لە 120 هەزار کارمەند بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. ئەم ژمارەیە لە مانگی داهاتوودا، بۆ زیاتر لە 200 هەزار کەس زیاد دەکات و نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخرێتە سەر حیسابە بانکییەکان. ئەمەش تەنها ڕۆژێکی دەوێت بۆ بانکەکانی کەرتی تایبەت کە کارەکە ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە ڕێگەی هەزاران ژمێریارەوە ئەنجامدراوە و هەفتەیەکی خایاندووە.
زیادبوونی نەختینە و هەبوونی سیولە، متمانەی زیاتر بە بانکە تایبەت و بازرگانییەکان دەدات بۆ ئەوەی بتوانن قەرز بە هاوبەشەکانیان بدەن چ وەک تاکە کەس چ وەک کۆمپانیاکان.

بانکە تایبەتییەکانەوە، وەک سەرەتا بڕی دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلارمان تەرخان دەکەن (کە دواتر بڕەکە دەگاتە دە ملیۆن دۆلار) بۆ پڕۆژەی قەرزی گەشانەوە و پاڵپشتیکردنی بزنسی بچووک و مامناوەند. کە دەرفەتێکی دادپەروەرانە دەدات بە بزنسە بچووکەکان بۆ ئەوەی گەشە بکەن. 
هەرچەندە سیستەمی بانکی و خزمەتگوزاریی دارایی، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازیمان ، بەڵام ئێمە هەر بەوە نەوەستاوین. بەڵکو ئێستا هاووڵاتیان بەشێکی زۆری کارەکانی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ حکومەتدا، بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدەن، ئەمەش خێرایی و کارایی بۆ هەمووان زۆر زیاد دەکات. ئێمە ناوەندێکی داتا و زانیاریمان دروستكردووە کە بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکانە . هەروەها ئێستا تۆمارکردنی کۆمپانیا و بزنسەکان زۆر لە جاران ئاسانتر و خێراترە. 
لە ساڵی داهاتوودا، چەندین دەستپێشخەری دیکە ڕادەگەیەنین کە وەرچەرخانێک دەبێت لە کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان و بازرگانان. بۆ نموونە دەرهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ناسنامەی دیجیتاڵی، کە لە ماوەی ئەم کابینەیەدا دەرچوون، لە ماوەی داهاتوودا، لە ڕێگەی ئەم ناسنامانەوە دەتوانرێت چەندین خزمەتگوزاری گشتیی ڕایی بکرێت. ئەم ژمارەیەش لە ساڵی داهاتوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو زياتر دەبێت .

بەڕێزان :

هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی بەرەو بەدیجیتەڵکردنی کاروبارەکانی حکومەت ناوە. لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ستراتیجی وەرچەرخانی دیجیتاڵیش ، گۆڕانکارییەکی جۆریی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە هاووڵاتیانمان بە شێوەیەکی خێرا و پێشکەوتوو دێتە ئاراوە. 
ئەمڕۆ شۆڕشی تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد، وەرچەرخانێکی گەورەی لە ژیانی ئێمەدا لە هەموو بوارەکاندا دروست کردووە ، چ لە گەیاندن و پەپوەندیکردن بێت یان خوێندن و فێرکردن و تەندروستی و بازرگانی . بێگومان کاروانی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان بەردەوام و خێران و پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین و خۆمان بۆ ئاڵنگاری و ئەو کێشە و گرفتانەش ئامادە بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. چونکە ڕاستە تەکنەلۆژیا ژیانی ئێمەی ئاسانتر و چێژبەخشتر کردووە، بەڵام پێویستە بە ژیری و بەرپرسیارییەتیەوە و لە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاری بهێنین.

بەڕێزان 
ئەم بەیانییە كە سەردانی ئەم پێشانگایەم كرد، بەڕاستی زۆر هەستم بە شانازی كرد كە گەنجەكانی خۆمان لەو ئاستە بەرزە توانیویانە لە بواری تەكنەلۆژیادا ئەوەندە پێش بكەون. خۆیان زۆر كۆمپانیای خۆیان دامەزراندووە و داهێنانیان كردووە و زۆر لەو بەرنامە و پرۆگرامانە خۆیان دروستیان كردووە. لە گفتوگۆم لەگەڵ چەند كەسێكیان، زۆر خۆشحاڵ بووم كە بیستم بەشێك لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی ئەوان دروستیان كردووە، نەك تەنیا لە ئاستی كوردستان، بەڵكوو لە ناوچەكەش سوودی لێدەبینن و دەتوانن لە شوێنەكانی تریش بە ڕێگەی ئەم سیستەمە دیجیتاڵییەی كە ئەوان دروستیان كردووە، پەیوەندییەكی راستەوخۆ و باشتر لەگەڵ كوردستان دروست بكەن، ئەمە ببێتە رێگە و دەرگەیەكی تریش بۆ ناساندنی كوردستان بە رووی جیهاندا.
جارێكی تر من دەستخۆشیتان لێ دەكەم، سوپاسی ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایە دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونی هەموو ئەو كۆمپانیایانەش دەكەم كە بەشدار بوون لەم پێشانگایە.
جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، هەمیشە سەركەوتوو و سەلامەت بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.


جارێکی دیکە سوپاستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

ھەواڵی زیاتر