پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ”لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، دوو بارەگا سووتنێراون کە هەردووکیان هی بزووتنەوەی گۆڕانن، یەکەمیان لە قەڵادزێ و دووەمیان لە کەلار”.
دابان محەممەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، دوو بارەگا سووتنێراون کە هەردووکیان هی بزووتنەوەی گۆڕانن، یەکەمیان لە قەڵادزێ و دووەمیان لە کەلار، ئێمە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین کە لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی بەرپرسیارن لەم دۆخە، بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێتە ئامانج.
دابان محەممەد وتی” گۆڕان ئێستا چەند ڕێوشوێنێکی گرتووەتەبەر بۆ شەفافکردنی داهاتی مەرزەکان کە یەکێتی لێی بەرپرسە و هەمیشە هەوڵی ئێمە بۆ چاکسازی بووە، دەستمان بۆ مەلەفی ناخۆ و داهاتی گشتی و خاڵە سنوورییەکان و قەرزی کۆمپانیاکان بردووە، بۆیە گومان دەکەین کە ئەم هێرشانە پەیامێکی سیاسیی بن”.
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هێرشەکان بێ مەبەستی سیاسیی بن و تەنیا تووڕەیی خەڵک بن، ئێمە کێشەمان نییە. بەڵام ئایا بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستا؟ لەکاتێکدا بەهۆی خراپی دۆخی سیاسیی، جەماوەری و دارایی یەکێتی دەستیکردووە بە تاڵانی.
هەفتەی رابردوو لە قەڵادزێ، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی بزووتنەوەی گۆڕان و سووتاندیان، ئێوارەی ئەمڕۆش لە کەلار، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگای قائیمقامییەت و سووتاندیان، قائیمقامیش لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە.