ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری

لەلایەن کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) و چەند پەیج و کاندید و بەناو چالاکوانێکەوە، دەست کراوە بە بڵاوکردنەوەی چەند داتا و زانیارییەکی ناڕاست و چەواشەکارانە، گوایە بە فشاری بەغداد، ئەم مانگە ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچەی مانگی تەمووز لابراون، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی ئەو مانگە بە نایاسایی بۆ لیستی مووچە زیاد کراون.
بۆ ڕای گشتی و سەرجەم و ڕاگەیاندن و میدیای کوردستان ڕوون دەکەینەوە:
زیادکردنی ناوی ٣٠ هەزار مووچەخۆر لە لیستی مووچە دوورە لە ڕاستییەوە، لە ڕاستیدا لیستی مووچەی مانگی تەمووز بەم جۆرەیە:
١-کۆی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لیستی مانگی تەمووز بە (مەدەنی و سەربازی و خانەنشین) بریتییە لە (١،١٣٢،٣٩٠) یەک ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و سێسەد و نەوەد کەس، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی مووچەخۆران لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە: (١،١٣٢،٩٦٧) یەک ملیۆن و سەد و سی و دووهەزار و نۆسەد و شەست و حەوت کەس، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی دوای وردبینی، تەمویلی بۆ خەرج کردوون، ئەمەش دەری دەخات کە لیستی مووچەی مانگی تەمووز (٧) کە تا ئێستا تەمویلەکەیان لەلایەن وەزارەتی داراییی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، (٥٧٧) مووچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بە هۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، ناویان نەخراوەتە ناو لیستی مووچەی خانەنشینان.
٢-تەمویلی کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز (٧) دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج و لێدەرکردنی بوودجەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کە بڕەکەی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجا و چوار ملیار و دووسەد و هەشت ملیۆن دینارە، بریتییە لە (٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠) نۆسەد و پەنجا و شەش ملیۆن دینار کە ئەوەش نزیک و هاوشێوەی تەمویلی مانگەکانی ڕابردووە، کە وەزارەتی داراییی فیدراڵ دوای وردبینی، تەمویلەکەی خەرج کردووە.
٣-لە کاتی دووبارەبوونەوەی ئەم درۆ و چەواشەکارییانە، لایەنی چەواشەکار دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات کە ڕووبەڕووی دادگاییکردن و یاسا ببێتەوە، ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر هەر کەس و لایەنێک کە هەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری

ھەواڵی زیاتر