وادەی ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

شڕۆڤەکارێکی سیاسی: دوای جەژنی قوربان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەدرێت.

خالید دەبونی شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نەبووە، چونکە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون و ھاوکات شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع ئاماژە بەوە دەکات کە بەمزووانە لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگەنە ڕێککەوتن.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی کە بە دوو لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەڕای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

خالید دەبونی  گوتیشی: “ئەوەی جێگای داخە ناکۆکییەکانی لایەنە سوننەکان ئەوەندەی لەسەر بەدەستھێنانی پۆستەکانە، لە بەرژەوەندی گشتی و پێکھاتەی سوننەدا نییە”.

ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنە سوننەکان، ھیچ پڕۆژەیەکی سیاسییان بۆ خزمەتکردنی پێکھاتەی سوننە نییە، بەڵکو پڕۆژەکانیان تەنھا بۆ بەدەستھێنانی پۆست و دەسەڵاتە و گوتی: “ساڵانێکی زۆرە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان درێژەی ھەیە و بەردەوام جیابوونەوە لەنێو ئەو لایەنانە ڕوودەدات و ئەو ھاوپەیمانیانەش کە لەنێوانیان پێکدەهێندرێن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسین و، ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەرژەوەندی و داواکارییەکانی پێکھاتەی سوننە، ئەوە لە دەرەوەی گرنگی ئەو لایەنانەیە”.

خالید دەبونی وای بۆ دەچێت کە ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو ماڵی سوننەدا چارەسەر ناکرێت و گوتی: “پێم وا نییە ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو ماڵی سوننەدا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا چارەسەر دەکرێت، کێشەکە ئەوەیە کە ژمارەیەک لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەمانگی شیعە ھاوبەشن لە پەکخستنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەی لە دانیشتنەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوویدا، بەڵگە لەسەر ئەوەی کە بەشێک لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان دۆخی ئێستا تا کۆتایی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەران تا دەگاتە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، وەک خۆی بمێنێتەوە، بەمەش خواستی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆی بەسەر جومگەکانی هەر سێ دەسەڵاتە سەرۆکایەتییەکە، بەدی دێت”.

شڕۆڤەکاری سیاسی، خالید دەبونی لەبارەی سیناریۆکانی بەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونیکردەوە کە پێویستە فراکسیۆنە سوننەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن، بۆ ئەوەی دانیشتنێکی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن ئەنجام بدات و ئەگەر ئەو داواکارییە جێبەجێ نەکرا، ئەوە پێویستە ٥٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کۆکردنەوەی واژوو، داواکارییەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن و ئەگەر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە نەبوو، ئەوا دەتواندرێت سەرۆکێکی کاتی ھەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی وادەی ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن دیاریی بکات، ئەوەش بەپێی یاسا و دەستوور ڕێگای پێدراوە”.

شڕۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شەرع لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتی: “لایەن و ھاوپەیمانییە سوننەکان گەیشتووەنەتە ئەو بڕوایەی کە قۆناغەکە بۆ ئەوان مەترسیدارە و خەریکە بەڕەکە لەژێر پێیان دەرھێندرێت، دوای ئەوەی لە دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران شکستیان ھێنا”.

ئەسیر شەرع رایده‌گه‌ێنێت، دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لایەنە سوننەکان بەمزووانە لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوور خراوەتەوە ڕێکدەکەون، چونکە لایەنە شیعەکان ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئیتر ناتوانن لەسەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، دان بەخۆیاندا بگرن و پشوو درێژبن، بۆیە لەوانەیە دوای جەژنی قوربان ئەگەر لایەنە سوننەکان لەبارەی نیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا کەسایەتییەکی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر دەکرێت و ھەموو ئەگەرێکیش لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە ئارادایە لە کاتێکدا بەپێی ئەو نەریتییە سیاسییەی کە ساڵانێکە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران مافی سوننەیە”.

ھەواڵی زیاتر