مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 3/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە و هاریکاری و هەماهەنگيی وڵاتەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

تەوه‌رێکی سەرەکيی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرنگیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، کە هەرچەندە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازی و ئابووری و بەناو یاسایی، فشار لە هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی ببێت، بەڵام خەڵکی کوردستان هەرگیز ئامادە نییە سازش لەسەر مافەکانی بکات. 
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنیش، سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین و لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و دیموکراتیيانە و دەستووری بێت و لە چوارچێوەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە بێت، كە گەرەنتی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان بکات. 
بارودۆخی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی کەمپەکان بۆ شوێنەکانیان.

ھەواڵی زیاتر