گۆڕان وەڵامی فراکسیۆنەکەیی لە بەغدا دایەوە

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان روونکردنەوەیەکی لەبارەی بەشداریکردنیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە، بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە.

روونکردنەوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامدانەوەی ئەو رەخنە تووندە بوو کە فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عێراق لێی گرتن و گوتی”بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەت، بەشداریکردنێکی شەرمنانەیە و پێویستە بکشێتەوە”.

دەقی روونکردنەوەکە

رونکردنەوەیەک بۆ رایگشتی

بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکی سەرھەڵدانیەوە ھێزێکی سیاسی و مەدەنیە و، پایەکانی لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییە و دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردوە. بەردەوام روانین و دیدگای جیاواز ھەیە و ئەمەش سەلمێنەری زیندویەتی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەیە.

باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانیە. بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بوە، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی و بە بەشداری هەموان دەدرێت، نەک یەک ئۆرگان. سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی نیشتمانی ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و کاری لەسەر دەکرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پێشنیاز و پرۆژە و دیدگای جیاواز دەکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومی. سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ ماندوبونی سەرجەم گۆڕانخوازان لە یانزە ساڵی رابردودا و هەمو ئەو پڕۆژانەش بە نیشانەی پەرۆشی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەزانێت.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان

20ی ئابی 2020

ھەواڵی زیاتر