مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە رۆژانی 12 تاوەکوو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
هەر لە لوتکەکەدا بڕیارە سەرۆکوەزیران بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان گوتارێک پێشکەش بکات.
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت.