کاریگەریەکانی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق

شارەزایانی سەربازی خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ھەیە.

شارەزای سەربازی، لیوا عادل کاکەیی ڕایگەیاند کە سووربوونی حکوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا دەبێت، بەڵام شارەزای سەربازی لە عێراق موئەید جحێشی ئاماژە بەو دەدات کە بەھیچ شێوەیەک لە داھاتوودا پەیوەندی سەربازی، کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا نابێت.

شەوی ٧ی ئەم مانگە لە ئاکامی ھێرشیکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی مەشتەل ڕۆژھەڵاتی بەغدا، دوو فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی کوژران.

دواتر فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ھیرشەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئەبو باقر ساعید-یان بەھۆی ئەوە کوشتووە، چونکە بەرپرس بوو لە پلاندانانی ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا، ھێرشەکەی شەوی ٧ی ئەم مانگەی ئەمریکا بۆسەر فەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە بەغدا، بە نابەرپرسانە لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە، دەبنە مایەی تێکدانی لێکتێگەیشتنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی دووقۆڵی.

ــ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا دەبێت

شارەزای سەربازی، لیوا عادل کاکەیی لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “خۆی لە ڕاستییدا ئێستا، سوودانی کەوتووەتە نێوان دوو بەردی دەساڕەوە، یەکێکیان ئێرانە کە میلیشیاکانی بەرداوەتە گیانی و ئەوەی دیکە ئەمریکایە، وەکو حکوومەت، دەزگای دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئەمریکا پارێزەری عێراقە و دەبێت عێراق بە شێوەی دیپلۆماسی وەکو ھاوپەیمان ڕفتار لەگەڵدا بکات”.

گوتیشی: “لەلایەکی دیکەوە، ئەو میلیشیایانەی کە ئێران دروستی کردوون، بەڕەکەیان لەژێر پێی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاکێشاوە و سەرۆکوەزیرانیان بەجۆرێک خستوویانەتە دووڕێیانەیەکی زۆر خراپەوە کە ھەڵبژاردنی ھەر کام لەو دوو ڕێیانە بۆ سەرۆکوەزیران و حکوومەتەکەی باش نییە”.

لیوا عادل کاکەیی ئاماژەی بەوەشدا: “ئەگەر سوودانی و حکوومەتەکەی پشتی میلیشیاکانی ئێران بەر بدەن و ڕاستەخۆ پشت بدەن بە ئەمریکا، ئەگەری ھەیە سوودانی سەری تێدا بچێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر پشت لە ئەمریکا بەر بدات و پاڵپشتی لە میلیشیاکان بکات لە دژایەتیکردنی ئەمریکا، ئەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی توندی ئەمریکا دەبێتەوە”.

باسی لەوەشکردووە ئێستا سوودانی لەنێوان ئەمریکا و میلیشیاکانی سەربە ئێران ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات، یارییەکە بباتەوە و لەسەر دەسەڵات بمێنێت و حکوومەتەکەی بەڕێوەببات.

ئەو شارەزا سەربازییە پێی وایە کە سووربوونی حکوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا دەبێت و گوتی: “سووربوونی حکوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، نەک تەنھا پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوە و ئەمریكا تێکدەدات ، بەڵکو پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانیش تێکدەدات”.

گوتیشی: “کێشەکە ئەوەیە، لایەنە شیعەکان کە لە ئەنجوومەنی زۆرێنەن ھەروەھا دامودەزگاکانی حکوومەتیش دژبە بوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەکار دەھێنن، لەلایەکی دیکەشەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دژی ئەمریکا کار دەکەن”.

ئەو باسی لە مەترسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق کرد و گوتی: “ئەگەر لایەنە شیعەکان توانیان ئەو کارە بکەن و ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، ئەوە کۆنترۆڵی عێراق لەدەست دەردەچێت و بەنھێنی و ئاشکرا دەکەوێتە دەستی ئەوان، ئەو کاتیش مەترسی لەسەر قەوارەی کورد دەبێت”.

– پەیوەندی سەربازی، کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا نابێت

شارەزای سەربازی لە عێراق، موئەید جحێشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “وەک دەوڵەت و وەزارەتی بەرگریی و گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، زۆر ئاساییە ڕاگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاو بکاتەوە، چونکە پرسەکە پەیوەندیی بەو گفتوگۆکانی تایبەت بە وەستاندنی ھێرشەکانی نێوان ئەمریکا و گرووپی مقاوەمەی ئیسلامییەوە ھەیە، بۆیە ناکرێت لە لایەک گفتوگۆ بکرێت و لەلایەکی دیکەوە بۆردومان هەبێت”.

گوتیشی: “ڕایگەیاندراوەکە، سووربوونی زیاتری حکوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دەردەخات، ئەوەش بە پاڵپشتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان”.

موئەید جحێشی پێیوایە کە پەیوەندیی سەربازی، کاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا، نابێت و گوتی: “لەو باوەڕەدام، بەھیچ شێوەیەک لە داھاتوودا، پەیوەندی سەربازی، کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکاندا، دروست ناکات، چونکە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەمساڵ و دوو ساڵ بەرلە ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەوە ماوەی ٢٠ ساڵە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقن و بنکەی سەربازییان بۆ خۆیان دامەزراندووە، ئەوەی ئێستا ھەیە باسی لێوە دەکرێت کشانەوەی سەربازانی ئەمریکایە، نەک داخستنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا”.

سەرچاوە: AA

ھەواڵی زیاتر