سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا کرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا و شاندی یاوەریان کرد.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەش و پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا سەردانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیان کرد و، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 06-02-2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا؛ مەتین گوراک، سەرۆک ئەرکانی سوپا و شاندی یاوەریان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە بەغدا.
ئەو شاندە سەربازییەی تورکیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق؛ سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی عێراقی کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو شاندە سەربازییەی تورکیا دووپاتیکردەوە، رێگەنادەن خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی هەڕەشەکردن لەسەر توركیا و وڵاتانی دراوسێ و “لەوچوارچێوەشدا عێراق رێوشوێنی زۆری بۆ پاراستنی سنوورەكانی لەگەڵ توركیا گرتووەتەبەر”.