دامەزراندنی حیزبە نوێیەکەی، پەیوەندی لاهور و بافڵ دەباتە قۆناغێکی توندترەوە

دوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی، بە میدیای ڕاگەیاند کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لیستێکی جیای دەبێت، پەیوەندیەکانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، چووە قۆناغێکی ترەوە و زیاتر گرژی تێکەوتووە.

31-01-2024، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ‘بە لیست، بە شێوەی حیزب یان بە هەر جۆرێک بێت، بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەم، جارێ چاوەڕوانی کۆمیسیۆن دەکەم.”

بەپێی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی، بەو بڕیارەی لاهور جەنگی زۆر تووڕە بووە و چەند جارێک ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ ناردووە کە کاری وا نەکا، بەڵام سوودی نەبووە.

پێشتریش لە ڕێگەی عومەر شێخ موسەوە هەوڵی ئاشتەوایی نێوان هەردووکیان درابوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبووبوو.

بافڵ تاڵەبانی، ترسی لە پێگەی جەماوەریی لاهور هەیە لەناو یەکێتی، بەتایبەتی لەناو پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان و نارازییەکان. بۆیە یەکێتی دەیەوێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر دوابکەوێت بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

چەند بەرپرسێکی دێرینی یەکێتی، هەوڵێکی زۆریان دا کە دۆخی یەکێتی بە ئێستا نەگات، بەڵام هەوڵەکانیان بێ سوود بووە، بۆیە بەشێکیان ئێستا لە ماڵەوە دانیشتوون، لەوانە: مەلا بەختیار، مەحمود سەنگاوی، عەدنانی حەمەی مینە و چەند سەرکردەیەکی تر.

ھەواڵی زیاتر