وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا گەیشتنە بەغدا

وەزیری بەرگریی تورکیا بە یاوەری سوپاسالاری وڵاتەکەی، گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق، پەیامنێری رووداو دەڵێ، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندەکەی تورکیا دەگەنە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ (سێشەممە، 06-02-2024) رایگەیاند، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و مەتین گوراک، سوپاسالاری تورکیا، بە سەردانێک گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و زنجیرەیەک کۆبوونەوە دەکەن.

ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا لەکاتێکدایە، ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە بەردەوامن.

 رۆژی 23ـی کانوونی دووەمی 2024، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.

رۆژی 28ـی کانوونی دووەمی 2024، بارەگای بارزانی رایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا کرد. لە دیدارەکەدا، بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و پرسی هەڕەشەی تیرۆر ئاڵوگۆڕ کرا.

هەر لەو دیدارەدا “جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و هەماهەنگییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کرایەوە.”

ھەواڵی زیاتر