مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 1/17 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان له‌ داڤۆس، له‌گەڵ ئيمانوێل ماكڕۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا کۆبووەوە. 
تەوەرێکی سەرەکیى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هێرش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر کە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریى عێراق و هەرێمی کوردستانە.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. 
سەرۆک ماکڕۆن هاوخەمیی قووڵی خۆی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ هاوخەمی و پشتیوانیی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانی لە گەلی کوردستان کردووە.

گرنگیی چاره‌سه‌ركردنى کێشەكانى هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

  • 1
  • 2
  • 3
ھەواڵی زیاتر