بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە و لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی رادەگەیێنن.
پارێزگاری هەولێر پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییەکان کردووە و دەشڵێت، بەهۆی پەلامار و مووشەکبارانی ناڕەوای هێزەکانی ئێران، کە شەوی رابردوو کرایە سەر شارەکە، لە ئەنجامدا “چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشەکانی ئێران “بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەک خەڵکی سڤیل و بێتاوانی کردووەتە ئامانج.”
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، “بۆ دەربرینا هاوخەمی و هاوهەلویستیێ دگەل پارێزگەها هەولێرێ و بنەمالێن قوربانیان ژ ئەنجامێ ئەو هێرشا ترۆریستیا کو ژلایێ سوپایێ پاسدارێن ئیرانی بۆ سەر شارێ هەولێرێ هاتیەکرن و دئەنجامدا چوار هاولاتیێن سیڤیل شەهید و چەند کەس ژی بریندار بووی، لسەرانسەری پارێزگەها دهۆکێ بۆ ماوێ سێ رۆژان ماتەمینا گشتی ڕادگەهینین.”
”جارەکا دیتر ڤێ کریارا ترۆریستیا ترسنوکانە شەرمزار و بتوندی پرۆتستۆ دکەین. جهێ شەهیدان بهەشت بیت و بۆ بریندارا داخوزا شیفایا بلەز دخوازین.”