مەسرور بارزانی له‌گەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا‌ کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1/16، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس ، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە . هاوخەمی وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سڵاوو ڕێز و پێزانینی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بێ پاساو و ناڕەوان و نابێ چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەم پەلامارانە بێ دەنگ بێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

ھەواڵی زیاتر