سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان “بە تووندی” سەرکۆنەی هێرشی سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، پێویستە حکومەتی عێراق هەڵوێستی جیدی هەبێت لە راگرتنی هێرشەکان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، “ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین.”
مەسرور بارزانی داوایەک لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات و دەڵێت، “پێویستە هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی.”